فرانك کاپریۆ دادوه‌ره‌ میهره‌بانه‌كه‌ كۆچى دوایى كرد

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2754 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شه‌وى ڕابردوو، فرانک کاپریۆ دادوەرە به‌ناوبانگ‌و میهرەبانەکەی ئەمریکا، لەتەمەنی 88 ساڵیدا بەنەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.


دادوەر فرانک کاپریۆ کەسایەتیی خۆشەویست‌و سەرۆکی پێشوی دادگای شارەوانیی پرۆڤیدێنس لەویلایەتی ڕۆدی ئایلەند لەدوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ شێرپەنجەی پەنکریاس، لەتەمەن 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئه‌و داوه‌ره‌ بەبەزەیی، خۆنەویستی‌و باوەڕی پتەوی بەچاکەی مرۆڤەکان ناسرابوو، کاریگەریی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس لەناو هۆڵی دادگاو لەدەرەوەیدا هەبوو.

گەرمی، قسەخۆشی‌و میهرەبانییەکەی شوێنەوارێکی زۆری لەسەر هەموو ئەوانە جێهێشت کە دەیانناسی‌و یان له‌ڕێگه‌ى ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ى بڵاوبونه‌ته‌وه‌، سۆزێكى زۆر خه‌ڵكى بۆ خۆى ڕاكێشابوو.

فرانک کاپریۆ لە 24ی 11ی 1936 لەشاری پرۆڤیدێنس، لەدایکبوەو کوڕی کۆچبەرێکی ئیتاڵی بوە، لەساڵی 1985 وەک دادوەری دادگای شارەوانیی پرۆڤیدێنس دەستنیشانکراو تا خانەنشینبونی لەساڵی 2023 لەو پۆستەدا مایەوە.

لەکۆتاییەکانی ساڵی 2023، کاپریۆ ڕایگەیاند، توشی شێرپەنجەی پەنکریاس بوەو دەستی بەوەرگرتنی چارەسەرکردوە، سەرەڕای نەخۆشییەکەی، ئەو هەمیشە هیوای بەژیان مابوو بەردەوامبوو لەبڵاوکردنەوەی پەیامی ئەرێنی‌و داوای نزای لەخەڵک دەکرد.