شارپرێس:
جوتیارانی کوردى گوندی تەپەسەوز له‌سنورى خورماتوو جه‌ختده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وان خۆیان به‌خاوەنی بەڵگەو گرێبەستی کشتوکاڵیی زه‌ویه‌كان ده‌زانن‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نن، لەشەڕی دژی داعشدا ئه‌وان گوندەکەیان پاراستوە، داواشده‌كه‌ن، حکومەتی عێراق‌و بەرپرسانی هەرێم چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکەیان بدۆزنەوەو ڕێگەنەدەن جارێکی دیکە پرۆسەی تەعریب لەناوچەکەیان سەرهەڵبداتەوە، به‌ڵام پارێزگارى سه‌ڵاحه‌دین له‌ڕێگه‌ى په‌یامێكه‌وه، ده‌رهێنانى به‌ڕه‌كه‌ى له‌ژێر پێى كورد نزیك كردوه‌ته‌وه.
مەترسییەکانی تەعریب‌و داگیرکاریی، جارێکی دیکە بونەتە هەڕەشە بۆ گوندە کوردنشینەکانی سنوری خورماتوو، لەگوندی تەپەسەوز، کە دوایین گوندی کوردنشینە لەسەر سنوری قەزاکە، عەرەبە هاوردەکان لەڕێگەی سکاڵای یاساییەوە داوای دوو هه‌زارو 500 دۆنم زەوی ده‌كه‌ن، ئه‌و زه‌ویانه‌ش كورد به‌موڵكى خۆیى‌و عه‌ره‌به‌كانیش خۆیان به‌خاوه‌نى ده‌زانن.
دوێنێ بەدر فەحل پارێزگاری سەڵاحەدین لەگەڵ شاندێکی جوتیارانی عەرەبی گوندەکانی حلێوەو ئەلبو حەسەنی سنوری قەزای خورماتوو کۆبوەوە، دواتر ڕایگه‌یاند، "لەڕابردودا چەندینجار لەگەڵ جوتیارانی کورد‌و عەرەبی سنوری قەزاى خورماتوو کۆبوینەوە".
وتیشى، "دواینجار پێش ماوەیەک مۆڵەتی دوو ھەفتەم بەجوتیارانی کورد‌و عەرەبدا هەر لایەنێکیان بەڵگەنامەو نوسراوی فەرمی دادگامان بۆ بهێنن سەبارەت بەزەوی‌و زارەکانیان".
ئاشكراشیكرد، "دواجار جوتیارانی عەرەب نوسراوی فەرمی دادگایان هێنا کە دەیسەلمێنن زەوییەکان موڵکی ئەوانەو جوتیارە کوردەکان تائێستاش هیچ نوسراو‌و بەڵگەنامەیەکی فەرمی دادگایان نەهێناوە کە بیسەلمێنن زەویەکان هی ئەوانە".
له‌و ڕوه‌شه‌وه پارێزگارى سه‌ڵاحه‌دین جه‌ختیكرده‌وه، "دواى ئه‌وه، ئێمەش بڕیارماندا ڕێکاره یاساییەکان جێبەجێبکەین‌و زەوییەکان بگەڕێنینەوە بۆ جوتیارانی عەرەب، چونکە بەنوسراوی دادگا زەوییەکان موڵکی ئەوانەو ھێزە ئەمنییەکان ڕادەسپێرین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا".
له‌وباره‌یه‌وه شارپرێس قسه‌ی له‌گه‌ڵ یاسین محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین كرد كه لەپشکی یه‌كێتیه ئه‌و وتی، "ئێمە ناتوانین ھیچ ده‌ستوه‌ردانێك بکەین، چونكه جوتیارانی عەرەب نوسراوی فه‌رمیى دادگایان پێیە، ئەوەندەی پێمان دەکرێ نێوەەندگیریی دەکەین‌و ھەوڵدەدەین ئاژاوەگێڕیی‌و کێشە دروستنەبێت".
ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه، "لەھەر ئان‌و ساتێکدا بێت، ھێزی ئەمنی ھەڵدەکوتێتەسەر گوندەکەو بڕیاری دادگا جێبەجێدەکات، ھەفتەی ڕابردوو دەستێوەردانم کرد بۆ نێوەندگیریی نێوان جوتیاران، بەڵام جوتیارانی عەرەب سکاڵایان لەسەر تۆمارکردوم".
دانیشتوانی كوردى گوندەکەش دواى په‌یامه‌كه‌ى پارێزگارى سه‌ڵاحه‌دین هۆشداریده‌ده‌ن‌و ده‌ڵێن، "زەوییەکان موڵکی باب‌و باپیرانمانەو بەهیچ شێوەیەکیش دەستبەرداری خاکەکەمان نابین، با بێن‌و بمانکوژن، با دەستگیرمان بکەن، کێشەمان نییە".
