بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، تورکیا گۆڕانکاری بنەڕەتی
بەخۆیەوە بینیوە لە پێکهاتەی سیاسی و یاسایی خۆیدا، لە مۆدێلێکەوە کە زۆرجار وەک ئەزموونێکی
دیموکراسی سەرکەوتوو لێە دەڕوانرا لە جیهانی ئیسلامیدا گۆڕا بۆ مۆدێلێک کە بە
پاوانخوازی کێبڕکێکار تایبەتمەند بوو. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەم
گۆڕانکارییە، سنووردار بوونى سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و بەکارهێنانی بوو وەک
ئامرازێکی سیاسی لە ململانێی نێوان دەسەڵاتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆندا.
ئەم نوسینە لە پرسیارێکی سەرەکی دەکۆڵێتەوە: ئایا بڕیارەکانى
ئەم دواییەى داداگا لە تورکیا ڕەنگدانەوەی چاکسازی یاسایی بووه یان ئامرازێکی تاکڕەوانە
بۆ لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی؟
پاشخانی سیاسی و یاسایی
لە ڕووی مێژووییەوە دەسەڵاتی دادوەری تورکیا لە لایەک وەک
پارێزەری عەلمانیەت و دەستوور ناسراوه و لە لایەکی دیکەشەوە ئامرازی دەستوەردانی سەربازی
و مەدەنی بووە لە پرۆسەی سیاسیدا. لەگەڵ هاتنە سەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان لە
ساڵی ٢٠٠٢، حکومەت هەنگاوی بۆ داڕشتنەوەی دەسەڵاتی دادوەری ناوە، دیارترینیان هەموارکردنی
دەستووری ساڵی ٢٠١٠ بوو کە باڵادەستى زیاتری بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەخشی لەسەر
دانانی دادوەر و داواکارە گشتیييەکان.
سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری تورکیا دوای ئەم هەموارکردنانە
بە شێوەیەکی بەرچاو سنوورداربوو، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کە پێکهاتەی
دەستووری هاوشێوەیان هەیە. گواستنەوە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٧دا زیاتر
دەسەڵاتی جێبەجێکردنى زياتر كرد لەبەرامبەر پاشەکشێى دەسەڵاتى پەرلەمان و دەسەڵاتی
دادوەری.
گۆڕانکارییەکانى ئێستا
1. هەڵوەشاندنەوەی
کۆنگرەی ئەستەنبوڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە): لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٥، دادگای
تورکیا ئەنجامی کۆنگرەی ئەستەنبوڵی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە، کە گەورەترین لقی ناوچەیی
پارتەکەیە، بەهۆی ناڕێکیی ڕێکارەکان لە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆدا. ئەو بڕیارە بووە هۆی
دەرکردنی ئۆزگور چەلیک سەرۆکی ئەستەنبوڵی پارتەکە و دانانی سەرکردایەتییەکی کاتی.
ئەم دەستێوەردانە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، کە لەلایەن پۆلیسەوە بە بەکارهێنانی
گازی فرمێسکڕێژ و سپرای بیبەر سەرکوتکرا.
2. دەستگیرکردنی
بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن: بڕیارەکە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسە
ناوخۆییە هەڵبژێردراوەکان لە شارەوانییە گەورەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن وەک بێشیکتاش
و ئەڤجیلار، ئەمەش ترسەکانی زیاتر کرد کە دەسەڵاتی دادوەری وەک قۆڵێکی سیاسی لە دژی
نەیاران بەکاربهێنرێت.
3. کاردانەوەی سیاسی
و ئابووری: ئەم پێشهاتانە بوونە هۆی دابەزینی زیاتر لە 5% لە پێوەرەکانی بۆرسەى ئەستەنبوڵ،
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ترسی وەبەرهێنەران لە پەرەسەندنی قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری
دامەزراوەیی هەروەها پاڵی به جەهەپەوە نا بۆ داواكاری بەستنى کۆنگرەی نیشتمانی
نائاسایی لە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٥ بکات بەمەبەستى چارەسەرکردنی قەیرانی ناوخۆيیس پرتەکە.
شیکاری
1. دەسەڵاتی دادوەری
وەک ئامرازێکی پاوانخوازى کێبڕکێيانە: بەپێی چەمکی "پاوانخوازی کێبڕکێ"یانه،
ڕژێمە پاوانخوازەکان ڕێگە بە پەراوێزێکی فرەیی سیاسی دەدەن بەڵام ئامرازە دامەزراوەییەکان
کۆنترۆڵ دەکەن بۆ ئەوەی بەردەوامیی و مانەوەى دەسەڵاتیان مسۆگەر بکەن. ئەم حاڵەتەى
ئێستا لە تورکیا هەیە، بە ڕوونی ئەمە نیشان دەدات، چونکە دەسەڵاتی دادوەری بەکاردێت
بۆ بەئامانجگرتنی نەیارانی سیاسی، وەک دووبارەبوونەوەی دادگاییکردنەکانى سەرۆکی
شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرێم ئیمامئۆغڵو.
2. پاشەکشێی پێوەرەکانی
حوکمڕانی دیموکراتیک: داتاکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەن بۆ دابەزینی ڕوونی
پێوەرەکانی حوکمڕانی باش لە تورکیا:
أ. دەسەڵاتى یاسا
لە 54.46% لە ساڵی 2013 بۆ 32.55% لە ساڵی 2023 پاشەکشەى کردووە.
ب. پێوەرەکانی دژە
گەندەڵی و ئازادییە مەدەنییەکان لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ بە شێوەیەکی بەردەوام
دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
3. ناتەبایی نێوان
گوتارى چاکسازى و ڕاستییەکان لە پراکتیکدا: سەرەڕای ڕاگەیاندنی ستراتیژی چوارەمی چاکسازی دادوەری لەلایەن حکومەتەوە لە
مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥، بڕیارە پراکتیکییەکان دژی ئۆپۆزسیۆن ڕەنگدانەوەی جیاوازییەکی
توندە لە نێوان گوتارى چاکسازی و پراکتیکەکانی بەسیاسیکردن. ئەمەش ئەو ئارگیومێنتە
بەهێزتر دەکات کە دەڵێت: چاکسازی دادوەری تەنیا بەرگێکە بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی جێبەجێکردن.
ئەنجام
1. پێشهاتەکانی ئەم
دواییە ئەوە دەردەخەن کە دەسەڵاتی دادوەری تورکیا چیتر تەنها دامەزراوەیەکی سەربەخۆ
نییە بۆ جێبەجێکردنی یاسا، بەڵکو بووەتە ئامرازێکی سەرەکی لە ململانێی سیاسی نێوان
ئەردۆغان و نەیارەکانیدا. بڕیارە دادوەرییەکان، وەک هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی پارتی
کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) لە ئەستەنبوڵ و دەستگیرکردنی بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن، بەردەوامی
دابەزینی دیموکراسی پشتڕاست دەکەنەوە و پرسیار لەبارەی ئایندەی فرەیی سیاسی لە
تورکیا دەوروژێنن.
2. دەسەڵاتی
دادوەری لە تورکیا بە قووڵی بە سیاسی کراوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانی ڕژێمە لە دیموکراسییەکی
تازەپێگەیشتووەوە بۆ ڕژێمێکی پاوانخوازی ڕکابەریی بەدامەزراوەیی کراو.
