مه‌سرور بارزانى: عێراق تێگه‌یشتوه‌ له‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر حه‌قه‌

کوردستان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4569 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، "هیوادارم لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێک لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان‌و عێراق بێت"، ده‌شڵێت:"عێراقیش لەوە تێگەیشتوه‌ کە خەڵکی کوردستان لەسەر حەقە".


ئەمڕۆ له‌شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی بۆ وەبەرهێنان‌و خانوبەرە لەهەولێر، مەسرور بارزانی سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم لەبارەی پرسی موچەی فەرمانبەران ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکە دەستورییەکانی خۆی جێبەجێکردوەو ئەوەی دەمێنێتەوە لای حکومەتی عێراقە، ئێستا ئەوانیش لەوە تێگەیشتون کە خەڵکی کوردستان لەسەر حەقە".

بارزانى ڕاشیگەیاند، "هیوادارم لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێک لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان‌و عێراقیش بێت".

ئه‌وه‌شى وت، "ئارامی‌و سەقامگیریی لەهەرێمی کوردستان، هۆکارە بۆ بەرەوپێشبردنی باری ئابوری، پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆ، هۆکاری ئەو سەقامگیریی‌و ئارامییەی کوردستانن، سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان‌و هێزە ئەمنییەکان دەکەم و سوپاسی خەڵکیش دەکەم بۆ خۆڕاگرییان".

جه‌ختیكرده‌وه‌، "هەوڵمانداوە سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەلێکتێگەیشتن‌و گفتوگۆ چارەسەربکەین، ئێستا شاندی هەرێم لەبەغدان، نزیکین لەچارەسەری تەواوی کێشەکان".

ئه‌وه‌شى وت، "گرفت نەماوە بۆ دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان‌و لەقۆناغی کۆتاییداین، تەنها ئەوەیە کۆمپانیاکانی بواری نەوت داوای دەستبەرکردنی گره‌نتی لەحکومەتی عێراق دەکەن".