شارپرێس:
ئیسرائیل هۆشداریدا ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکاتو خۆی ڕادەستنەکات، ئەوا بەهێرشی ئاسمانیو زەمینی، وەک گەردەلولێکی بەهێز ڕایاندەماڵێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، "سوپای ئیسرائیل بەگروپی چەکداریی فەڵەستینی 'حەماس'ی ڕاگەیاند، ئەگەر بەزوترینکات چەک دانەنێتو 48 بارمتە ئیسرائیلییەکە ئازادنەکات، بەهەڵمەتێکی گەردلول ئاسا، شارەکەیان بەسەردا وێراندەکات".
دوێنێ، دوشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران لەپەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، "من بەدانیشتوانی شاری غەززە دەڵێم، بەزوترینکات لەوێ بڕۆنە دەرەوە!".
ناتانیاهۆ وتیشی، "سوپای ئیسرائیل لەڕۆژانی ڕابردودا 50 باڵەخانەی ڕوخاندوە کە چەکدارانی حەماس خۆیان تێیدا حەشاردابوو، ئەمەش وەک پێشەکییەک بۆ دەستپێکی هەڵمەتی زەمینی لەشارەکەدا".
لهلایهكى دیكهشهوه یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی، "گەردەلولێکی بەهێز لەشاری غەززە هەڵدەکاتو گشت بنکەکانی چەکداران دەهەژێنێت؛ ئەمە دوا هۆشدارییە بۆ چەکدارانی حەماس لەغەززەو هۆتێلە گرانبەهاکانی دەرەوە؛ بارمتەکان ئازادبکەنو چەکەکانتان دابنێن! ئەگینا غەززە وێراندەکرێتو ئێوەش لەناودەبرێن".
هەر دوێنی سوپای ئیسرائیل، باڵەخانەیەکی 12 نهۆمی لەناوەڕاستی شاری غەززە بۆردومانکرد کە دەیان خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێبون، ئەمەش سێ کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی دانیشتوانی باڵەخانەکەو ئەوانەی لەسەدان خێوەتی دەوروبەریدا نیشتەجێبون، ناوچەکە جێبهێڵن.
سوپای ئیسرائیل لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوه، "چەکدارانی حەماس باڵەخانەکەیان بۆ کاری تێکدەرانەو هێرشکردنەسەر سوپای ئێسرائیل بەکارهێناوە".
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانو وەزیری دەرەوەی قەتەر، ڕۆژی دوشەممە لەدەوحە، بەجددی داوای لەسەرکردە سیاسییەکانی حەماس کردوە وەڵامی ئەرێنی بەنوێترین پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەستو ئازادکردنی بارمتەکان لەغەززە، بدەنەوە.
