ئه‌پیكۆر له‌باره‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌ مه‌رجێك ئاشكراده‌كات

ئابوری

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) دەڵێت، "بۆ  هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم مەرجمان هەیەو دەبێت حکومەتی عێراق سەرجەم گەرەنتییە داراییەکان بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دابینبکات".


حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت گەیشتونەتە ڕێککەوتن‌و هیچ ناکۆکییەکیان لەنێوان نەماوە، بەڵام کێشە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتدا ماوە، کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی دەکەن بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان‌و قەرەبوکردنەوەی قەرزەکانیان کە بڕەکەی نزیکەی یەک ملیار دۆلارە.

مایڵز کاگینز وتەبێژی ئەپیکور ڕایگەیاند، بەغداو هەولێر لەکۆتایی مانگی دوو ڕایانگەیاند، گەیشتونەتە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەڵام هێشتا پرۆسەکە دەستیپێنەکردوەتەوە، چونکە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان داوای گەرەنتی پارەدان‌و  جێبەجێکردنی شەفافانەی مەرجەکانی یاسای بودجەی عێراق دەکەن.

ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە لەساڵانی ڕابردودا 30 ملیار دۆلار زیانی بەعێراق‌و هەرێم گەیاندوە.

ڕۆژی سێشممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوەوەو لەبارەی پرسی نەوت، سودانی بڕیاریدا لەچوارشەممەوە، کۆمپانیای سۆمۆ دەست بەوەرگرتنی نەوتی هەرێم بکات.

ئێستا توانای هەرێم لەبەرهەمهێنانی نەوت ڕۆژانە زیاتر لە200 هەزار بەرمیلە، حکومەتی هەرێم ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستی ناوخۆ دەهێڵێتەوەو ئەوەی دیکەی دەداتە کۆمپانیای سۆمۆ.

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایشیکردوە، بەزوترینکات ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم‌و کۆمپانیاکانی نەوت بکرێت، ئامانج لەم ڕێککەوتنە چارەسەرکردنی گرفتەکانە بۆ ئەوەی دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێتەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

لە25ى 3ى 2023 بەبڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەکانی جیهان ڕاگیرا، سەرەڕای پابەندییەکانی حکومەتی هەرێم بەڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە، بەڵام تائێستا ئەو کێشەیە چارەسەرنەبوە.

بەپەلە