شارپرێس:
شەوی ڕابردوو درۆنەکانی ڕوسیا سنوری ئاسمانی پۆلۆنیایان بەزاندو بەم هۆیەشەوە چوار فڕۆکەخانەی ئەم وڵاتە داخران، لەبەرامبەردا فڕۆکە جەنگییەکانی پۆلۆنیاو ناتۆ کەوتنە ئامادەباشییەوەو درۆنەکانی ڕوسیایان خستەخوارەوە.
سوپای پۆلۆنیا ڕایگەیاند، "فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەم وڵاتە، بەهاوکاریی هاوپەیمانانیان لەناتۆ بۆ یەکەمجار کۆمەڵێک درۆنی هێرشبەریان خستەخوارەوە کە لەکاتی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانيا، سنوری ئاسمانی پۆلۆنیایان بەزاندبوو".
ڤلادیساک کۆسینیاک کامیش وەزیری بەرگریی پۆلۆنیا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیی "فڕۆکە شەڕەکەرەکانمان تەقەیان لەدرۆنە هێرشبەرەکان کردو ئێمە بەبەردەوامی لەگەڵ فەرماندەیی ناتۆ لەپەیوەندیداین".
ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پۆلۆنیاش ڕایگەیاند، شەش درۆنی نەناسراو سنوری ئاسمانی پۆلۆنیایان بەزاندوەو ژمارەیەکیان خراونەتەخوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمکارەی ڕوسیا دەستدرێژییەو ئاساشی هاوڵاتیانی پۆلۆنیای خستوەتە مەترسییەوە.
بەزاندنی ئاسمانی پۆلۆنیا لەکاتێکدا بوو کە شەوی ڕابردوو ڕوسیا هێرشێکی بەربڵاوی کردەسەر بەشێکی زۆر لەناوچەکانی ئۆکرانیاو یەک لەوانیش شاری لێڤیۆ لەنزیک سنوری پۆلۆنیا.
خستنەخوارەوەی درۆنەکانی ڕوسیا لەلایەن هێزی ئاسمانیی پۆلۆنیاوە، یەکەم کرداری سەربازیی هێزەکانی ناتۆ لەدژی ڕوسیا لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا لەساڵی 2022 بوە.
بەگوێرەی پەیماننامەی ناتۆ، هێرش بۆسەر هەر ئەندامێکی ناتۆ، هێرش بۆ سەر سەرجەم ئەندامانی ناتۆیەو هەربۆیەش هەموو ئەندامانو یەک لەوانیش ئەمریکا دەبێ بەرگریی لەو ئەندامە بکەن کە هێرشی کراوەتەسەر.
