شارپرێس:
لەدوو ساڵدا 15 سەرپێچیو پێشێلكاریی گەورە كراوەتەسەر زەوی پارێزراوو كشتوكاڵی، دەستەی داكۆكی لەسروشتو موڵكی سلێمانیش ئاشكرایدەكات، "لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا تائێستا، 15 سەرپێچیو پێشێلكاریی گەورە كراوەتەسەر زەوی پارێزراوو كشتوكاڵی، بۆیە پێمانوایه، سلێمانی دەكرێتە شاری تارماییو كۆنكرێت".
دەستەی داكۆكی لەسروشتو موڵكی سلێمانی لەنامەیەكی كراوەدا بۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم نوسیویهتى، "لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا لەو بارودۆخەی شاری سلێمانی پیا تێپەڕدەبێت كە رێژەیەكی زۆرە لەسەرپێچیو پێشێلكاریی لەماستەرپلانی سلێمانیدا، تا ئەمكاتە 15 سەرپێچیو پێشێلكاریی گەورە كراوەتەسەر زەوی پارێزراوو كشتوكاڵیەكانی، ئەمەش تەنها لەناوجەرگەی شارەكەداو دەسەڵات خۆی، پاڵپشتو بكەری سەرەكییە لەڕێگەی كۆمپانیاكانی بیناسازییەوە".
ڕاگەیەنراوەكە دەڵێت، "ئەوەتا لەڕێگەی میدیاو بەڵگەنامەكانەوە هەواڵی شێواندنو پلانی دەستكاریكردنی ئەو زەوی پارێزراوانەی كە لەچواردەوری هاوینەهەواری سەرچنارو گۆڕینێتی لەزەوی پارێزراوەوە بۆ زەوی نیشتەجێبونو تەلارسازییو بازرگانیی پەخشدەكرێت كە بەسەر پێنج زۆندا دابەشكراون".
دهشڵێت:"لەبنەڕەتدا دەبوایە ئەم ناوچانە سەوز پۆش بكرانەیە بۆ پارێزگاریكردن لەڕاڕەوە ئاوییەكانی سەرچنارو پاراستنی ئیكۆسیستمی شارەكە".
وەك ئەو دەستەیە ڕونیكردوهتەوە، "ڕەنگە بەبەردەوامی بانگەشەی دروستكردنی گۆمی چەقچەق بدەن بەگوێماندا وەك ئەڵتەرناتەڤێك بۆ ئاوی سەرچنارو زەوییەكەی چواردەوری، بەڵام گۆمی چەقچەق بارتەقای ئاوی پاكژی سەرچنار ناكاتەوە كە لە 37% ئاوی پاكژ دابیندەكات بۆ كۆمەڵانی خەڵك، هۆكارەكەی ئەوەیە گۆمی چەقچەق یان ئەوەی كە ناوزەندی دەكەن بە(بەنداوی چەقچەق) گۆمێكی پاڵپشتە بەباراناو، بەداخەوە لەماوەی 34 ساڵی حكومڕانی كوردا هیچ جۆرە كەرەسەی تەكنەلۆژی دابین نەكراوە بۆ فلتەركردنو پاكژكردنەوەی ئاوی باراناو لەڕوی كیماییو بایۆلۆژیو فیزیكییەوە".
ئهوهش هاتوه، "ئیتر ئەم ئاڵوگۆڕو گۆڕانكارییە چ پاساوێكی هەیە بۆ فەراهەمكردنی سەرچاوەی ئاوی خواردن لەم گێژاوەی گۆڕانی كەشوهەوا جیهانییەو كەمئاوییەی هەرێمو عێراق ڕوبەڕوی دەبنەوە؟".
لهكۆتاییشدا دهستهكه دهڵێت، "بۆیە بەبەردەوامبونی ئەمجۆرە پڕۆژانەو دەرئەنجامەكانی، سلێمانی دەكەنە شاری پڕ لەتارماییو كۆنكرێت".
