شارپرێس:
حکومەتی تورکیا دارایی ژمارەیەکى زۆر لهکەسایەتیو 14 دامەزراوەی پەیوەندیدار بەبەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی بلۆک کرد.
بهگوێرهى فەرمانێکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ڕاگەیاندرا، سەرجەم ئەوکەسایەتیو دامەزراوانەی دەستیان لەبەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا هەیە، لەوانەش کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریاییو ناوەندەکانی توێژینەوەو دامەزراوەکانی وزە، گەمارۆیان دەخرێتەسەرو داراییەکانیان بلۆک دەکرێت.
ئەردۆغان بەئاراستەی جێبەجێکردنی میکانیزمی سناپ باکو لەدرێژەی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر ئێران، ئەو فەرمانەی واژۆکردوە.
(ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، بانکی سپە، بانکی سپە ئینتهرناشناڵ، ناوەندی توێژینەوەی سوتەمەنیی ئەتۆمیی ئیسفەهان، ناوەندی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئیسفەهان، ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمیی کەرەج، ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمیی کشتوکاڵو پزیشکیی ئێران، ناوەندی کەشتیڤانیی ئێران-هیند، کۆمپانیای انرژی نوین، کۆمپانیای پارس تراش، کۆمپانیای جابر بن حیان، کۆمپانیای پیشەسازیی وزەی پیشگامو کۆمپانیای هێڵی کەشتیوانیی باشوری ئێران) بەشێک لەو دامەزراوانەن کە کەوتونەتە لیستی ڕەشی تورکیاوە.
هاوکات هەریەک لەئەمریکا، کهنهداو بهریتانیا ڕایانگەیاندوە، جیا لەچالاککردنەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، کۆمەڵێک گەمارۆی نوێی دیکەش دەخەنەسەر بەرنامە ئەتۆمیو موشەکییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
