شارپرێس:
بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی تورکیا ئاشکرایدەکەن، چالاکییه‌كانى مۆسادى ئیسرائیل لەسه‌ر خاكى تورکیا بۆ به‌ئامانجگرتنى سەرکردەو ئەندامانی حەماس لەشارەکانی ئه‌و وڵاته ده‌ستپێكردوه.
چه‌ند بەڵگەنامەیه‌كى دزەپێکراو باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، مۆسادى ئیسرائیل چالاکییەکانی لەپارێزگاکانی ئیزمیرو هاتای له‌ناو تورکیا ده‌ستیپێكردوه سه‌ره‌تا بۆ چاودێریکردن‌و دواتریش بەئامانجگرتنی ئەندامان‌و سەرکردەکانی حەماس.
ده‌زگاى هه‌واڵگریى توركیا ڕ‌اپۆرتێكى بۆ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته به‌رزكردوه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌بونى ژماره‌یه‌ك له‌ئەندامان‌و سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس لەتورکیا کردوە کە بەشێک لەوانه شاره‌زاى زمانى توركى نین، ئه‌مه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى، مافى ڕه‌گه‌زنامه‌ى توركیشیان پێدراوه، ئه‌وكه‌سانه له‌مه‌ترسیدان، چونكه مۆساد به‌وردى چاودێرییان ده‌كات.
به‌بڕواى چاودێرانى سیاسیى، پێشبینیده‌كرێت، ئەگەربێت‌و ئیسرائیل تیرۆرکردنی سەرکردەو ئەندامانی بزوتنەوەی حەماس لەناو خاكى تورکیا ئەنجامبدات، ئه‌وا هەڵکشانی مەترسیدار لەنێوان ته‌لئه‌بیب‌و ئه‌نكه‌ره‌دا ڕوو ده‌دات.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، پێشتر تورکیا پوچەڵکردنەوەی چەندین ئۆپەراسیۆنی سیخوڕیی مۆسادى ئیسرائیلی ڕاگەیاندبوو کە هه‌وڵیاندابوو کەسایەتییە فەڵەستینییەکان لەسەر خاکی تورکیا بكه‌نه ئامانج.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا شرۆڤەکارانی سیاسیی لەهەردوو پایته‌خت (تەلئەبیب‌و ئەنكەرە) سەبارەت بەئەگەری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى مۆساد بۆچونى خۆیان خستوه‌ته‌ڕوو وتویانه، "ئه‌گه‌رى زۆره، مۆساد به‌چڕى له‌ناو توركیا ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى دژى سه‌ركرده‌و كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانى بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماسى فه‌ڵه‌ستینى ده‌ستپێبكات".
میدیاکانی تورکیا-ش بڵاویانکردوه‌ته‌وه، هه‌ر جوڵه‌یه‌كى مۆسادو سوپاى ئیسرائیل له‌ناو توركیا دژى حه‌ماس، قۆناغى یه‌كه‌مه‌و له‌دوه‌م قۆناغدا، ئۆپه‌راسیۆنه‌كان دژى توركیاش ده‌ستپێده‌كات.
چه‌ند زانیارییه‌كى هه‌واڵگریش باسیان له‌وه‌كردوه، هه‌واڵگریى توركیا‌و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانى تایبه‌ته‌كانى ئه‌و وڵاته، به‌وردى چاودێریى چالاکییەکانی بزوتنەوەى حه‌ماس لەتورکیا ده‌كه‌ن‌و هاتن‌و چونى سه‌ركرده‌كانى حه‌ماسیش بۆ توركیا، زۆر به‌هه‌ستیارییه‌وه ئه‌نجامده‌درێن.
شرۆڤه‌كاران به‌دورى نازانن، به‌هۆى هه‌ڵوێسته‌كانى ئه‌ردۆغان له‌به‌رامبه‌ر غه‌ززه‌و حه‌ماس دژى ئیسرائیل، هه‌مان سیناریۆى قه‌ته‌ر له‌ئه‌نكه‌ره یان شاره‌كانى دیكه‌ى توركیا دوباره ببێته‌وه.
تورکیا چەندجارێک ڕایگەیاندوە، میوانداریی ئەندامانی حەماس دەکات بۆ چاره‌سه‌ر پزیشكیه‌كان، خودى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش لەمانگی ئایاری 2024 ڕایگەیاندبوو، زیاتر لەهەزار ئەندامی بزوتنەوەی حەماس لەنەخۆشخانەکانی تورکیا چارەسەر دەکرێن‌و بزوتنەوەکەشی بەبزوتنەوەی خۆڕاگریی وەسفکرد، نەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی.
ئەنكەرە هۆشداریدەداتە ئیسرائیل لەبەئامانجگرتنی ئەندامانی حەماس لەناو خاکی تورکیاداو دەڵێت، "هەر هێرشێکی لەو شێوەیە، باجێکی قورسی دەبێت"، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌هات، هه‌واڵگریى توركیا تۆمارێكى ده‌نگى مۆسادى ئیسرائیلى ئاشكراكرد، كه ته‌لئه‌بیب به‌نیازى جوڵه‌یه‌كى قورسى سه‌ربازیه له‌ناو خاكى توركیا دژى حه‌ماس.
