شارپرێس:
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سێ جۆر سزا بۆ ئەگەری سەرپێچیکردن لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکان دیاریدەکات، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش لەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "پێبژاردن لە 100 هەزار دینار دەستپێدەکات تاوەکو 10 ملیۆن دینار".
بەرەبەیانی سبهینێ هەینی 3ى 10ى 2025 بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات، لایەنە سیاسییەکانیش ئامادەکارییەکانی خۆیان بۆ ئەو پرۆسەیە کردوەو چاوەڕوانی کاتی دیاریکراو دەکەن.
نەبەرد عومەر بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكردوه، چەند ڕێنماییەکمان بۆ لایەنە سیاسییەکانو کاندیدەکان دەرکردوە، کە ئەمانەن؛ نابێت بەهیچ شێوەیەک لەنێو دامەزراوە حکومییەکانو شوێنە ئاینییەکانو نزیک بنکەکانی کۆمسیۆن بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێت، هاوکات نابێت ئۆتۆمبێلی حکومی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سێ جۆر سزای بۆ سەرپێچیکاران دیاریکردوە، پێبژاردن لە 100 هەزار دینار دەستپێدەکات تا 10 ملیۆن دینار، بەندکردن، هەروەها دورخستنەوەی کاندید.
سەرەڕای سزاکانی کۆمسیۆن، هەریەک لەئەنجومەنی پارێزگاو دەستەی ژینگەو شارەوانییەکانیش لەلای خۆیانەوە چەندین ڕێنمایی بۆ پاکڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان دەردەکەن، بۆ ئەوەی لەکاتی سەرپێچی لەهەڵواسینی فلێکسو پۆستەرەکاندا، سزایان بدەن.
