شارپرێس:
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە پەیامێکی بڵاوکردوهتهوهو داوا لەلایەنگرانو هاوڵاتییان دەکات بایکۆتی پرۆسەی دەنگدان بکەن، هاوکات داوادەکات خۆیان بۆ فەرمانێکی لەناکاو ئامادەبکەن، دهشڵێت، "بایکۆتیان بکەن ڕەحمەتی خواتان لێبێت".
ئەمڕۆ سێشەممە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێتو زیاتر لە 20 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە لەتەواوی پارێزگاکانی عێراقدا.
سەدر داوا لە وانە دەکات کە بایکۆتیان کردوە، "تا دەتوانن لەماڵەکانیان دەرنەچن تا دوای بانگی مەغریب جگە لەکاری پێویست نەبێت، ئەم ڕۆژە بۆ ماڵو خێزانەکانتان تەرخانبکەنو سود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ عیبادەتو پاڕانەوەو داوای لێبوردن".
هاوکات سەدر داوادەکات ڕێگریی لەپرۆسەی دیموکراسی نەکەن، گەرچی کەموکوڕیی تێدابێتو هەرکەسێک ناچار بەبەشداریی کرا با وەکو هێزە ئەمنییەکان دەنگەکەی بسوتێنێت.
لەکۆتاییدا سەدر دەڵێت، "ئەوانەی بایکۆتیان کردوە، دوای تەواوبونی پرۆسەی دەنگدان بچنە پەرستگەکان بەهەموو پێکهاتەکانەوە سوپاسی خودا بکەن کە ڕێنمایی کردون بایکۆت بکەن".
پێش ئەم پەیامە بەچەند کاتژمێرێک، محەممەد ساڵح عێراقی لەتۆڕی "ئێکس" دەستنوسێکی موقتەدا سەدری بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا نوسراوە، "خوایە نەمخەیتە ڕیزی خەڵکی گەندەڵکاران".
لەکۆتاییدا سەدر لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاشتاگێکی داناوەو نوسیویەتی، "#بایکۆتیان بکەن ڕەحمەتی خواتان لێبێت".
