شارپرێس:
زیاتر له 12 كاتژمێره دڵشاد میرانى ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی لهسلێمانى دهستگیركراوهو دهزگا ئهمنیهكانیش بێدهنگن، برایهكیشى دهڵێت، "هێزێك چوهتهسەر ماڵی براكەمو دەستگیریانكردوە".
دانا مەحمود برای مامۆستا دڵشاد میرانی ڕایگەیاندوە، "شەوی ڕابردوو هێزێکی ئەمنیی چوهتهسەر ماڵی مامۆستا دڵشادو بەبێ فەرمانی دادوەرو هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختە، دەستگیریانکردوەو تائێساش چارەنوسی نادیارە".
لهوبارهیهوه تۆڕی هاوپەیمانی 19 ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردوهتهوهو نوسیویهتى، "نیگەرانین لەهەڵكوتانەسەر ماڵی مامۆستا دڵشاد میرانی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییو دەستگیركردنی بەبێ تۆمەتێكی ڕون، داواش لەلیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكهین، ڕونكردنەوە لەسەر هۆكاری دەسگیركردنەكەی بدەن".
هاوكات دانا مەحمود برای مامۆستا دڵشاد میرانى بەتۆڕی هاوپەیمانی 19ی وتوه، "شهوى ڕابردوو هێزێك چوەتەسەر ماڵی براكەمو دەستگیریانكردوە، ئهوهندهى ئێمه دهزانین هیچ كێشەیەكی یاساییو كەسیی نییە، ناشزانین بۆچى دەستگیركراوە، ئەگەرێكی زۆر ئەوەیە پەیوەندیی بەناڕەزایەتیو لێدوانەكانی هەبێت لەبارەی موچەكانی هاوڵاتییان".
لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا كە ڕۆژی شەممە لەتۆڕه كۆمەڵایەتیهكان بڵاوكرایەوە، میرانى داوایكردبوو، موچەیەی بڕاوی فەرمانبەرانو مامۆستایان كە لای حكومەتی عێراقو هەرێمه سەرفبكرێت كە زیاتر لە 46 موچەیە، بۆ ئەمەش ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی یەكشەمە 4ی كانونی دوەمی 2026 بایكۆتی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.
تۆڕى هاوپهیمانى 19 باسى لهوهكردوه، "مامۆستا دڵشاد میرانیو هەزاران موچەخۆری حكومەتی هەرێم، هەمان داخوازییان لەحكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان هەیە، وا تەماشا دەكەن، ئەو موچانە قەرزن لای هەردوو حكومەت، داوادەكەن موچەكانیان نەفەوتێتو مافیان پارێزراوبێت، جا هەر هاوڵاتییەك داوای لەحكومەت كرد، قەرزەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە، لەنیوەشەودا هەڵدەكوتنەسەر ماڵەكەییو دەیخەنە كونجی بەندیخانە؟".
دڵشاد میرانی چالاكوانێكی دیاری شاری سلێمانییە، بەشدارییو سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی ڕابردوی مامۆستایانو فەرمانبەرانی كردوە، لەكۆتایی حوزەیرانی 2025، ئاسایشی سلێمانی دەسگیریانكرد، پاش دوو ڕۆژ لەگەڵ دەیان دەستگیركراوی دیكه ئازادكران.
