دوو حزبى ڕۆژهه‌ڵات داواى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئێران له‌خه‌ڵكى ڕاپه‌ڕیو ده‌كه‌ن

کوردستان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4832 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هه‌ردوو حزبى دیموكراتى كوردستان‌و سازمانی خەباتی کوردستان له‌دوو ڕاگه‌یه‌نراوى جیادا، په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى گه‌لانى ڕاپه‌ڕیوى ئێران‌و كوردستان ده‌كه‌ن‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن، "داوا لەگەلی کوردو گەلانی ئێران‌و لایەنە سیاسییە ئازادیخوازو دیموکراتەکان دەکه‌ین بەیەکڕیزیی‌و یەکگرتویی، دژی ڕژێمی مرۆڤکوژی دەسەڵاتدار لەئێران بوەستنەوە".


حزبى دیموكرات‌و سازمانی خەبات له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یاندا داوایانكردوه‌، "داوا لەگەلی کوردو گەلانی ئێران‌و لایەنە سیاسییە ئازادیخوازو دیموکراتەکان دەکه‌ین بەیەکڕیزیی‌و یەکگرتویی دژی ڕژێمی مرۆڤکوژی دەسەڵاتدار لەئێران بوەستنەوە، چونكه‌ پاش تێپەڕینی حەوت ڕۆژ لەدەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی وەزاڵەهاتوی ئێران لەبەرامبەر زوڵم‌و دیکتاتۆریی‌و دۆخی نالەباری زاڵ بەسەر وڵاتدا، سەرەڕای سەرکوت‌و هەڕەشەکانی ڕژیمی ئاخوندی، ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانەکانی جەماوەر بەربڵاوتر دەبن‌و شاهیدی بەشداری زیاتری جەماوەری شارو ناوچەکانی ئێران بەڕاپەڕینەوە دەبین".

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردوه‌، "ئەو ناڕەزایەتیە نوێیە کە سەرەتا بەهۆی دۆخی نالەباری ئابورییەوە دەستیپێکرد بەتێپەڕینی کات، بوو بەدەربڕینی داواکاریییە سیاسییەکان‌و بەرزکردنەوەی دروشمی ڕادیکاڵ لەپێناو مافە دیموکراتی‌و ئازادیە مرۆییەکان؛ بەڵام وەک چاوەڕواندەکرا، بەکرێگیراوانی ڕژێم، دەستیاندایە سەرکوتی دڕندانەو تائێستا دەیان کەس لەخەڵکی بێتاوان لەشارو ناوچە جۆراوجۆرەکانی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، لوڕستان، هەمەدان، تاران‌و ناوچەکانی دیکەی ئێراندا شەهیدو برینداربون‌و سەدان کەسیش لەلایەن هێزە داپڵوسێنەرەکانی ئێرانه‌وه‌ ڕفێنراون‌و بۆ بەندیخانەو شوێنه‌كانى ئه‌شكه‌نجه‌دان گوازراونەتەوە".


له‌و دوو ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا حزبى دیموكرات‌و سازمانى خه‌بات داواكارییه‌كیان ئاراسته‌ى خه‌ڵكى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان كردوه‌و ده‌ڵێت، "به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، ژمارەی بریندارانی شاری مەله‌کشا لەژوری نەشتەرگەریدا لەگەڵ کەمیی خوێن‌و پزیشک بەرەوڕون، هەربۆیە داوادەکەین بەهانای بریندارەکانەوە بچن‌و یارمەتی بۆ دابینکردنی پزیشک‌و خوێن بۆ بریندارەکان بکەن، تاکاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیەندراوە، ناوچەکه لەدۆخێکی زۆر ئاڵۆزدایە، تێکهەڵچون‌و تەقەکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێم لەخەڵکی مافخوازی مەلەکشا بەردەوامە، ئاماری شەهیدەکان لەبەرزبونەوەدایەو دەیان بریندار لەگەڵ مەترسی مەرگ ڕوبەڕون".

ئه‌و دوو هێزه‌ى ڕۆژهه‌ڵات، وێڕای ئیدانه‌كردنى توندوتیژییه‌كان دژى خۆپیشانده‌رانى ئێران‌و ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر، "گۆڕینی ئەو دۆخە بەمافی ڕەوای نەتەوەکەمان دەزانین‌و داوا لەهەموو خەڵک‌و لایەنە سیاسییە دیموکرات‌و ئازادیخوازەکان دەکەین کە یەکڕیزو یەکگرتوو بەرەوڕوی کاولکاریی‌و سەرکوتەکانی ڕژێمی مرۆڤکوژی ئێران بوەستنەوە‌و خەبات بۆ ڕوخاندنی ڕژێم‌و کۆتاییهێنان بەستەم‌و دیکتاتۆریی زاڵ بەسەر وڵاتەکەماندا زیاتر بکەن".

داواش لەکۆڕو کۆمەڵە مرۆڤدۆستە نێودەوڵەتییەکان كراوه‌ بەهەموو شێوەیەک بۆ گەیاندنی یارمەتی بەخەڵک‌و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکانی ئێران هەنگاوی پێویست‌و خێرا هەڵگرن‌و پێش بەکۆمەڵکوژیی خەڵک لەلایەن ڕژێمی ئێرانه‌وه‌ بگرن.