کۆمەڵە لەسەر شەهیدکردنی خەڵکی ناڕازی مەلەکشاهی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 508 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لەڕاگەیەندراوێکدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕوودەدات، ناڕەزاییەکی کاتی یان تێپەڕ نییە، بەڵکوو بەرامبەرکێیەکی بنەڕەتییە لە نێوان کۆمەڵانی ڕاپەڕیو و دەسەڵاتێک کە ڕەوایەتی، توان و شکۆی درۆیینەی خۆی بە تەواوەتی دۆڕاندووە.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ڕایگەیاندووە "ناڕەزایەتی خەڵک لە مەڵەکشایی، کرماشان، ئیلام، لوڕستان، هەمەدان، چوارمەحاڵ و بەختیاری و دەیان شار و شارۆچکەی دیکە بە ڕوونی ڕایگەیاندووە خەڵک بە گشتی لە سەر کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ساغن و ئەم کۆتاییە نەک لە ژوورەکانی دەسەڵات بەڵکوو لە سەر شەقامەکان و بە تێچووی قورسی خەباتکاران ڕوودەدات". 

هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە مەڵەکشایی ئیلامدا حکوومەتی ئیسلامی دیسانەوە جەنایەتی خولقاند. کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیو، بریندار کردنی دەیان کەس و ڕێگرتن لە چارەسەری پزیشکی بۆ برینداران، بەشێک لە سیاسەتی پلان بۆ داڕێژراوی سەرکوتە، سیاسەتێک کە هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە لە کوردستان بەردەوام بووە و حکوومەتی ئێران وەکوو هەمیشە لەگەڵ کوردستان وەکوو ناوچەیەکی داگیرکراو جووڵاوەتەوە و ترسی لە خەباتی کوردستان و خەباتکارانی قووڵتر و جیددیتر و سەرکوتی توندتر و ئاشکراتر بووە". 

دەشڵێت "ئێمە داوا لە هەموو خەباتکاران و نەیارانی ئەم سیستەمە خوێنڕێژ و دیکتاتۆرە دەکەین بە هانای هاوخەباتەکانیان لە مەڵەکشاییەوە بچن و بەر بە تاوانەکانی دەزگای کوشتاری کۆماری ئیسلامی بگرن."