له‌سلێمانى خه‌ڵك ڕوو له‌سۆلار ده‌كات‌و ئێستا هاوڵاتیان خاوه‌نى 76 مێگاوات كاره‌بان له‌ده‌ره‌وه‌ى كاره‌باى نیشتمانى

کوردستان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2309 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی ئامارى ئه‌و هاوبه‌شانه‌ى خۆى ئاشكراده‌كات كه‌ بونه‌ته‌ خاوه‌نى كاره‌باى خۆیان‌و پێویستیان به‌كاره‌باى نیشتمانى نه‌ماوه‌، ده‌شڵێت، "دوو هه‌زارو 590 هاوبه‌شى كاره‌با خاوه‌نى كاره‌باى خۆیانن‌و پێویستیان به‌كاره‌باى نیشتمانى نه‌ماوه‌"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و ژماره‌ هاوبه‌شه‌ ئێستا خاوه‌نى زیاتر له‌76 مێگاوات كاره‌باى خۆیانن".


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاره‌باى سلێمانى ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، "ئێستا  له‌سلێمانی، دانانی سیستمی به‌رهه‌مهێنانی كارەبا به‌وزەی خۆر لەزیادبوندایە، به‌گوێره‌ى ئامارەكانی بەشی وزە نوێبوەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان لەسنوری پارێزگای سلێمانی، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هاوڵاتیان ڕوو لەدانانی سیستمی كارەبای وزەی خۆر دەكەن".

له‌و ئاماره‌ى كاره‌باى سلێمانیدا هاتوه‌، "به‌گوێره‌ى كۆتا ئامار تاوه‌كو 4ى 1ى 2026، ژمارەی ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە سیستمەكەیان داناوەو لەبەشی وزە نوێبوەكان تۆماركراون، گەیشتوەتە دوو هه‌زارو 590 هاوبەش‌و بڕی بەرهه‌مهێنانی كارەبایان (76.390) مێگاواته‌".

زیاتر ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "لەو هاوبەشانەی سیستمی سۆلاریان داناوە دوو هه‌زارو 163یان هاوبه‌شی ماڵان‌و 337یش هاوبەشی بازرگانی‌و 15ى دیكه‌ش هاوبەشی پیشەسازیی‌و 70 هاوبەشی كشتوكاڵی‌و پێنج هاوبه‌شیش میریین".