شارپرێس:
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشكرایكردوه، لیستی موچەی مانگی دوو له‌گه‌ڵ ته‌رازى پێداچونه‌وه (میزان موراجەعە)ى مانگی یەک ئامادەکراه‌وه‌و سبەینێ یەكشەممە تیمێكی تەكنیكی ده‌چێته به‌غداو ڕادەستی وه‌زاره‌تى دارایی عێراقى ده‌كات.
سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه، "لیستی موچەی مانگی دوو له‌گه‌ڵ ته‌رازى پێداچونه‌وه (میزان موراجەعە)ی مانگی یەک بەتەواوی ئامادەكراوە؛ سبەینێ تیمێكی تەكنیكی سەردانی بەغدا دەكات بۆ ئەوەی هیچ بیانویەک نەمێنێتەوەو موچەی ئه‌م مانگه (مانگى 2)ى فەرمانبەرانی هه‌رێم دوانەکەوێت".
سه‌رچاوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی جه‌ختیكرده‌وه، "هەنگاوه‌كانى ئێمه لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق هێشتا موچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەشنەکردوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵی ڕابردوو لەدۆخی ئاسایی‌دا لە 15ی هەموو مانگێک حکومەتی عێراق موچەی دابەشدەکردو لەماوەی 10 ڕۆژدا کۆتایی بەدابەشکردنی موچە دەهێنا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کۆمەڵێک قەیرانەوە کە بەرۆکی حکومەتی عێراقی گرتوە، دابەشکردنی موچە دوادەکەوێت.
وه‌كو سه‌رچاوه‌كه‌ى دارایی هه‌رێم جه‌ختى له‌سه‌ركرده‌وه، "حکومەتی هەرێم دەیەوێت هەموو پابەندییەکان پێش وادەی دابەشکردنی موچە لەعێراق جێبەجێبکات‌و موچەی فەرمانبەرانی کوردستان دوانەکەوێت".
لەلایەکی دیکەوە زانیاریى ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه، وه‌فدێكى وەزارەتی دارایی‌و تیمێکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، لەگەڵ چەند ئەندامێکی دیکە لەبودجەو ژمێریاریی لەبەغدا، لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كۆدەبنەوەو چەند پرسێک تاووتوێدەكەن، دیارترینیشیان، دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستانەو هەوڵدەدرێت ئەو پرسە تێکەڵ بەموچەی فەرمانبەرانی عێراق نەکرێت.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یه‌نراوه، یەکێکی دیکە لەو پرسانەی لەکۆبونەوەکە دەبێتە تەوەری گفتوگۆ، نەناردنی ئەو 36 ملیار دینارەیە کە بەغدا مانگی ڕابردوو بۆ خانەنشینانی شارستانی‌و سەربازیی‌و کەمئەندامانی سەنگەری نەناردوه، هاوكات دوو بابەتی دیکەش هەیە ئەو وه‌فده دەیەوێت یەکلاییان بکاتەوە، ئەویش دۆسیەی 600 خانەنشینی هەرێمه کە کێشەی (UPN)یان هەبوەو موچەیان بۆ خەرجنەکراوە لەگەڵ 12 موچەکەی ئیکرامیەی خانەنشینی.
