شارپرێس:
گرژییەکانی نێوان واشنتۆنو تاران گەیشتونەتە لوتکە، نوێترین وێنەی مانگە دەستکردەکانو داتاکانی چاودێریی فڕین، جموجۆڵێکی سەربازیی بێوێنەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا ئاشکرادەکەن، نیویۆرك تایمز زانیاریى گرنگى بڵاوكردوهتهوهو دهڵێت، "سێ هێندەی جاران؛ گەورەترین کۆبونەوەی هێزی ئاسمانی دهستیپێكردوه".
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، تەنها دوێنێ هەینی زیاتر لە 60 فڕۆکەی هێرشبەر لەبنکەی ئاسمانی "موفەق سەلتى" لەئوردن بینراون، ئەم ژمارەیەش سێ هێندەی ئەو ڕێژە ئاساییەیە کە پێشتر لەو بنکەیەدا جێگیرکراون.
وهكو ڕۆژنامه ئهمریكیهكه نوسیویهتى، "68 فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی لە15ى شوباتەوە تائێستا لەبنکەکە نیشتونەتەوە، ههروهها فڕۆکەی F-35یش كه نەوەی پێنجەمی فڕۆکە جەنگییە هەرە پێشکەوتوەکانى ئهمریكایه، بۆ یەکەمجار لەو بنکەیە بینراون، هاوكات سیستەمی بەرگریی ئاسمانیش لەدەوروبەری بنکەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئەگەریى كاراكراون".
چاودێران پێیانوایە، ئەو جوڵانە تەنها مانۆڕێکی ئاسایی نین، بەڵکو پەیامێکی ڕاستەوخۆی ههڕهشهیه بۆ تاران، بەتایبەت لەسایەی چەقبەستویی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانو هەڕەشە بەردەوامەکانی هەردولا، ڕۆژنامەکەش ئاماژەی بەوەکردوە، ڕەنگە ژمارەی فڕۆکەکان زۆر لەوە زیاتربێت کە دەبینرێت، چونکە بەشێکی زۆریان لەناو حەشارگە تاقیکراوەکاندا شاردراونەتەوە.
بەرپرسانی ئوردن دەڵێن، "ئەو هێزانە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکادان، بەڵام ئامادەنەبون هیچ وردەکارییەک لەسەر سروشتی ئەو ئەرکە بدەن کە ڕەنگە لەداهاتویەکی نزیکدا بەو فڕۆکانە بسپێردرێت".
ئەو هێزە گەورەیە هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە باس لەکۆبونەوەی هاوشێوە لەبنکەی عەدید لەقەتەریش دەکەن، ههروهك پرسیارى ئهوهش وروژێنراوه، ئایا ناوچەکە لەبەردەم کاتژمێری سفری ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازییاندایە، یان ئەمە تەنها فشارێکی توندی سەربازییە بۆسەر مێزی گفتوگۆکان؟.
