شارپرێس:
ناوەندێکی توێژینەوەی ئەمریکی هۆشداری بەئیدارەی ترەمپ دەدات و دەڵێت، ئەگەر واشنتن بێ ستراتیجییەکی ڕون و بەشێوەیەکی ناوەخت لەسوریا بکشێتەوە، وڵاتەكە توشی هەمان چارەنوسی لیبیا دەبێت و دەڵێت،" سوریا دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی هێزە بەوەکالەتەکان و گروپە توندڕەوەكان".
کەرت دەیڤس، توێژەری باڵا لەپەیمانگەی ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا هۆشداری دەدات و ڕایگەیاند، کشانەوەی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمریکا لەبنکەی (تەنەف) لەسوریا مەترسیدارەو و دەڵێت، ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ ویستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی یەکجارەکی لەسوریا، بەڵام هۆشداری دەدات کە مەرج نییە تەنیا لەبەرئەوەی ئێمە لەشەڕەکان ماندوو بوین، کۆتاییان پێبێت."
دەیڤس پێشی وایە، سوریا هێشتا نەبوەتە لیبیا، چونکە سوریا خاوەنی دامەزراوەی کارایەو خەڵکەکەی بەدەسەڵاتی ناوەندی ڕاهاتون، لەکاتێکدا لەلیبیا، دوای قەزافی هەموو شتێک هەرەسی هێنا، بەڵام دەڵێت ئەم "ناوەندە کارگێڕییە" کە مەبەست لێی دامەزراوەکانی ئێستای حکومەتی سوریایە، تەنیا کات بۆ وڵاتەکە دەڕەخسێنێت و گەرەنتیی سەقامگیری ناکات.
توێژەرەکە هۆشداری دەدات، ئەگەر پێش کشانەوەی ئەمریکا، هێزە جیاوازەکان لەچوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوودا رێکنەخرێن، ئەوا سوریاش وەک لیبیای لێ دێت و میلیشیاکان دەبنە خاوەن دەسەڵاتی خۆجێیی و باج و سەرانە لەخەڵک دەستێنن.
سەبارەت بەمەترسییەکانی داعش، ئەم نوسەرە ئاماژە بەوە دەکات کە تێکشکاندنی خەلافەتەکەی داعش لەساڵی 2019 بەواتای کۆتاییهاتنی ئەو ڕێکخراوە نایەت، بەڵکو داعش ئێستا بەشێوەی شانەی نوستوو گەڕۆک کاردەکات و سود لەو کەلێنە ئەمنییانە دەبینێت کە لەئەنجامی ململانێی هێزەکانەوە دروستبون.
دەیڤس دەڵێت،" لیبیا وانەیەکی گرنگی پێداین؛ گروپە توندڕۆکان پێویستییان بەوە نییە لەهەموو شوێنێک بن، تەنیا شوێنێکیان دەوێت بۆ ئەوەی ببنە مەترسی؛" ئاماژە بەوەش دەکات کە داعش لەسوریا پێویستی بەکۆنترۆڵکردنەوەی رەققە نییە، بەڵکو تەنیا پێویستی بە کات و کەلێنە ئەمنییەکانە بۆ ئەوەی سەرهەڵبداتەوە.
توێژەرەکە ڕەخنە لەوڵاتانی ناوچەکە دەگرێت و دەڵێت، ئەوان لەلیبیا لەبری ئەوەی یارمەتیی دروستبونی دەوڵەتێکی یەکگرتوو بدەن، پشتگیریی لایەنە ناکۆکەکانیان کردو وڵاتەکەیان کردە گۆڕەپانی ململانێی خۆیان. هەمان مەترسی بۆ سوریاش هەیە ئەگەر وڵاتانی کەنداو، تورکیاو ئیسرائیل تەنیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بگەڕێن.
کەرت دەیڤس لەکۆتایی وتارەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە رێگریکردن لەلیبیابونی سوریا پێویستی بەوە نییە ئەمریکا تاهەتایە لەوێ بمێنێتەوە، بەڵکو پێویستی بەوەیە کشانەوەکە بەزنجیرەبەندییەکی دروست بێت، واتە پێش کشانەوە، دەبێت هێزە ئەمنییەکان یەکبخرێن، بەرپرسیارێتیی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر بدرێتە دەست دامەزراوە رەواکان و وڵاتانی ناوچەکەش لەسەر پاراستنی سەقامگیری رێکبکەون.
دەیڤس دەڵێت،"پەندی لیبیا ئەوە نییە کە ڕۆژئاوا زۆر مایەوە، بەڵکو ئەوەیە کە پێش ئەوەی بەرپرسیارێتییەکە بەتەواوی بگوازرێتەوە، وڵاتەکەیان جێهێشت."
