شارپرێس:
سەرۆكی ئەمریكا ڕێژەی پێناسی گومرگی جیهانی بۆ لە%15 بەرز كردەوەو فەڕەنساش وەك یەكەم وڵات داوا لەیەكێتی ئەوروپا دەكات وەڵامێكی یەكگرتویان بۆ ترەمپ هەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێژەی پێناسی گومرگی جیهانی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ 15% بەرز کردەوە.
ترەمپ لەتۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی، تروس سۆشیاڵ، نوسیویەتی، دوای پێداچونەوەیەکی ورد بەبڕیارەکەی ڕۆژی هەینی دادگای باڵا کە بەبڕیارێکی دژە ئەمریکی نائاسایی ناوی بردوە، ئیدارەکەی بڕیاریداوە پێناسی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ ئاستی 15% کە بە تەواوی ڕێگەپێدراو و لەڕوی یاساییەوە تاقیکراوەتەوە بەرزبکاتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لەچەند مانگی داهاتودا، ئیدارەکەی بەدوای رێگەی دیکەی جێگرەوەدا دەگەڕێت بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی ڕێگەپێدراو لەڕووی یاساییەوە".
لەبەرامبەردا، نیکۆلا فۆریسیێ، وەزیری کاروباری بازرگانی دەرەوەی فەرەنسا، داوای لەیەکێتیی ئەوروپا کرد وەڵامێکی یەکگرتویان هەبێت بۆ ئەو پێناسە گومرگییە نوێیانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خستونیەتە سەر تەواوی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا.
فۆریسیێ لەنامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە كە "گرتنەبەری رێکارێکی یەکگرتوو لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پێویست دەبێت لەم قۆناغەدا".
ئەمە لەكاتێكدایە، ڕۆژی هەینی، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا کە گەیشتونەتە رێککەوتنی پێناسی گومرگی جیاواز لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، ئەوانیش ڕوبەڕوی باجە گومرگییە جیهانییە نوێیەکە دەبنەوە.
هاوكات، دادگای باڵا وڵاتەكەش، بەشەش دەنگ بەرامبەر بەسێ دەنگ بڕیاریدا کە یاسای ساڵی 1977، کە ترەمپ پشتی پێبەستبوو بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی لەناکاو بەسەر وڵاتان و تێکدانی بازرگانی جیهانی، "مافی ئەوە نادات بەسەرۆک باج بسەپێنێت."