حزبوڵڵای عێراقی: باقر سەعدی سەر بەئێمە نییە و تەنیا سەر بە بەرەی مقاوەمەیە

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 99 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمرۆ دووشەممە حزبوڵڵای عێراقی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە محەمەد باقر سەعدی، ئەو کەسەی لەلایەن ئەمریکییەکانەوەدەستگیرکراوە و ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراوە، سەر بەوان نییە، بەڵکو تەنیا سەر بە بەرەی مقاوەمەیە.

ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە سایەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جوڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئاسایشی عێراق، دوژمن هێشتا هەوڵی پەرەپێدانی گرژیی نوێ دەدات دژ بە مقاوەمە و حەشدی شەعبی.،

جەختیشی کردۆتەوە کە سەعدی سەر بە ئەوان نییە و سەربەرزانە دەگەڕێتەوە نیشتمانەکەی چونکە تەنیا لایەنگری بەرەی مقاوەمەیە.

عەساف ڕوونیکردەوە کە زۆربەی کارە سیخوڕییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئوردنەوە دەستپێدەکەن بۆ ئەنجامدانی کاری دوژمنکارانە لەناو عێراقدا، و هۆشداریی دایە حکومەتی عەممان کە چیتر ئارامییان نەماوە.

 لە کۆتاییدا هۆشداریی دا لە هەر بەئامانجگرتنێکی نوێی سەرکردەکانی بەرەی مقاوەمە و حەشدی شەعبی و ڕایگەیاند کە وەڵامەکەیان بۆ سەر ئەمریکییەکان لە هەموو بوارەکاندا دەبێت، و گەڕانەوەی پێترایوس بۆ عێراقیش بە دەرفەتێک دەزانن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI) ڕۆژی هەینی ڕابردوو دەستگیرکردنی محەمەد باقر داود سەعدی بە تۆمەتی داڕشتنی ٢٠ هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا و پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە و جوولەکەکانی ئەمریکا ڕاگەیاندبوو.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە