شارپرێس:
تائێستا بەشێکی زۆری زانایانی گەردونناسیی کۆکن لەسەرئەوەی، ئەگەری بونی شارستانییەتی پێشکەوتوو لەگەردوندا زۆر بەرزە، بەڵام نەبونی هیچ بەڵگەیەک لەسەریان کە بە"پارادۆکسی فێرمی" دەناسرێت، وەک مەتەڵێک ماوەتەوە.
ئێستا تیمی لێکۆڵینەوە لەزانکۆی مانچستەر پێیانوایە، هۆکاری دۆزینەوەنەکردنیان ئەوەیە کە زانایان لەمساڵانەی دواییدا گوێیان لەشەپۆلە ڕادیۆییە هەڵەکان گرتوە.
لەڕابردودا بەشێکی زۆری هەوڵەکان پشتیان بەتەلەسکۆپە ڕادیۆییە گەورەکان بەستبوو بۆ گەڕان بەدوای نیشانە تەکنەلۆجییەکان لەمەودایەکی تەسکدا لەنێوان 1.42 بۆ 1.66 گیگاهێرتز کە بە"کونی ئاو" ناسراوە، چونکە لێکچونی لەگەڵ پێکهێنەرەکانی ئاودا هەیەو وایاندەزانی شارستانییەتەکان ئەم شوێنە بەکاردێنن.
بەڵام دکتۆرە لۆویزا ماسۆن پێشنیاری گۆڕینی ئەم ستراتیجییە دەکات بۆ شەپۆلە میلیتەریو ژێر میلیتەرییەکان، هاوشێوەی کەسێک کە هەوڵدەدات کەناڵێکی ڕادیۆیی بدۆزێتەوە، بەڵام تەنها لەسەر یەک شەپۆلی دیاریکراو ڕاوەستاوە.
لەکاتی شیکردنەوەی داتاکانی تەلەسکۆپی "ALMA" لەچیلی، ماسۆن ئاماژەی بەوەکرد، تەلەسکۆپەکان بڕێکی زۆر زیاتر لەزانیاریی ئهستێرهکان تۆماردەکەن کە پێشتر هەژمارنەکراون.
بەبەکارهێنانی مۆدێلە نوێیەکان لەسەر ڕوپێوییەکی پێشوو کە 1327 چاودێریی لەخۆدەگرت، دەرکەوت ژمارەی ئەو ئەستێرانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەرکراوە لە 288 هەزارەوە زیادیکردوە بۆ زیاتر لە 6.1 ملیۆن ئەستێرە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە دەریخست کە نەدۆزینەوەی ئاماژەی ئاسمانیی بەمانای نەبونیان نایەت، بەڵکو ئاماژەیە بۆئەوەی کە پێویستە چەمکی گەڕان بگۆڕدرێتو چاودێریی زیاتر بۆ بەشەکانی دیکەی شەپۆلەکان بکرێت.
