شارپرێس:
پێگەی ئیسرائیلی Ynet ئاشکرایدەکات، سەرۆکی ئەمریکا دەرفەتێکی تری داوەتە تاران پاش نێوەندگیریی عومان و قەتەر.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی ئیسرائیلی Ynet، ئیسرائیل لەئامادەکاریی تەواودا بوو بۆ هێرشێکی ئاسمانیی فراوانی ئەمریکا دژی ئێران کە چاوەڕوان دەکرا شەوی ڕابردوو ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر تەلئەڤیڤ تێگەیشتوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاشەکشەی لەبڕیارەکە کردوە و دوایین دەرفەتی داوەتە تاران پێش دەستپێکردنی بۆردومانەکان.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکراكردوە کە عومان و قەتەر فشاری زۆر توندیان خستوەتە سەر بەرپرسانی ئێران تاوەکو نەرمی بنوێنن پێش ئەوەی هێرشە سەربازییەکان دەستپێبکات.
لەئەنجامی ئەم نێوەندگیرییە چڕەشدا، بۆ یەکەمجار لەماوەی 13 شەوی ڕابردودا، ئەمریکا هیچ هێرشێکی نوێی دژی ئێران ڕانەگەیاندوە.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی دۆخی دۆناڵد ترەمپی بەم شێوەیە وەسف کردوە،"ترەمپ نەیەوێت هێرش بکات، و تەنیا لەبەر ئەوە بەرەو ئەم بڕیارە دەچێت چونکە هەست دەکات هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نەماوە".
سەرەڕای ئەم دواخستنەش، هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتوە؛ بەرپرسانی ئیسرائیلی پێیان وایە کە چانسی گەیشتن بەرێککەوتنێکی ڕاستەقینەو هەمیشەیی لەگەڵ ئێراندا سفرەو ئەوەی تاران لەم چەند کاتژمێرەدا ئەنجامی داوە تەنیا کڕینی کاتی زیاتر بوە بۆ خۆی تا لەهێرشەکان دور بکەوێتەوە.
