سەكۆی موشەكی و كۆگای چەكی حوسییەكان بۆردومان كرا

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 258 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسێكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، لەهێرشێکی نوێی هێزە ئاسمانییەکاندا، پێگە سەربازییەکانی چەکدارانی حوسی لەچەند ناوچەیەکی ستراتیژی یەمەن کرانە ئامانج و زیانی گەورەیان پێگەیەندرا.


ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری 2 بەرپرسی سەربازیی یەمەنەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە هێزە ئاسمانییەکان هێرشی چڕیان کردوەتە سەر پێگەکانی هەڵدانی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان لەهەردوو پارێزگای مارب و ئەلجەوف.

هەروەها، تەلەفزیۆنی فەرمی یەمەن ڕایگەیاند، لەم ئۆپەراسیۆنەدا سەکۆکانی هەڵدانی موشەک و کۆگاکانی چەکی حوسییەکان لەقەزاکانی ئەلجەوبە، ئەلسەفراو مەجزەر پێکراون. 

هاوكات، یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن (حوسییەکان)، لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەتوندی وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی عەرەبییان داوەتەوە بۆ سەر پارێزگای حودەیدە، بەندەری شارەکە و دورگەی "کەمەران".

ئاماژەی بەوە کرد، هێزە چەکدارەکانیان لەپێناو پاراستنی خاکی یەمەندا دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش و هاوکارییان دژی قوڵایی خاکی سعودیە ئەنجامداوە، لەوانە، ئامانجگەلێکی هەستیارو وێستگەکانی سەر بەکۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی "ئارامکۆ"ی سعودی لەناوچەی جیزان کردوەتە ئامانج، بەبەکارهێنانی دەیان موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر؛ هەروەها پێگەو ئامانجگەلێکی گرنگی کۆمپانیای ئارامکۆی لەناوچەی پیشەسازیی یەنبۆ بۆردومان کردوە، بە بەکارهێنانی زنجیرەیەک موشەکی بالیستی، کروزو درۆنی بۆمبڕێژکراو.