شارپرێس:
ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایكردوە، موجتەبا خامنەیی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی بەزامنی پاراستنی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران دەزانێت و لەئێستادا بەپلانێكی ورد كاری بۆ دەكرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەسەر دۆخی نوێی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵسەنگاندنێکی نوێیان بڵاوکردوەتەوە، كە باس لەهەڵوێستی موجتەبا خامنەیی دەكات و دەڵێت، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پێیان وایە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران، بەراورد باوکی (عەلی خامنەیی) زیاتر ئارەزوو ئامادەیی هەیە بۆ ئەوەی لەداهاتودا هەنگاو بنێت بەرەو بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پێشتر پێیان وابوو باوکی دودڵ بوە لەبڕیاری کۆتایی بۆ دروستکردنی بۆمب، بەڵام چاودێرییەکان دەریدەخەن کە موجتەبا ئەم دودڵییەی نییە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە باڵی توندڕەو و تیمی ئێستای تاران لەسەر ئەو باوەڕەن کە تەنها چەکی ئەتۆمی دەتوانێت لەداهاتودا ڕژێمەکەیان لەهێرشە دەرەکییەکان بپارێزێت و پێگەی ئەوان لەناو دەسەڵاتدا بەهێزتر کردووە.
پاراستنی ژێرخانە ئەتۆمییەکان: هەرچەندە تا ئێستا ئێران بە فەرمی دەستی بە پڕۆسەی پیتاندنی نوێ یان دروستکردنی بۆمب نەکردووە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکان پێشێل نەکات، بەڵام هەنگاوی کردەیی ناون بۆ پاراستنی سەروەت و سامان و ژێرخانە ئەتۆمییەکەیان؛ لەوانە گواستنەوەی هەندێک لە ئامێرە سەنتەرفیوجەکان بۆ ناوچە قایم و قوڵە ژێرزەمینییەکان (وەک ناوچە شاخاوییەکانی ناوەڕاستی ئێران) بۆ ئەوەی لەهێرشی ئاسمانی پارێزراو بن.