شارپرێس:
لەهەڵمەتێکی دژە گەندەڵیدا کە بە (هەڵمەتی بەرەبەیان) ناسراوە، لەپارێزگای دیوانییە دەستیپێکردو چەندین بەرپرسی شارەوانیی ئەو پارێزگایە دەستگیرکران.
پارێزگای دیوانییە لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، كەتیمێکی هاوبەشی دەستەی دەستپاکی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بانکی ناوەندیی عێراق، ماوەی دوو ڕۆژە هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لەبەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دیوانییە دەستپێکردوە.
ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە دێت کە بەر لە 20 ڕۆژ ئەنجومەنی پارێزگای دیوانییە سەردانی شارەوانییەکەی کردبوو تێبینیی 40 سەرپێچی و بەهەدەردانی پارەی کردبوو.
ئەو سەرپێچییانە کرانە ڕاپۆرتێک و بەرزکرانەوە بۆ نوسینگەی دەستەی دەستپاکی، دواتر دەرکەوت کە چەندین بەرپرس تێوەگلاون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەریەکە لەعەلی رەحمان و هاتف سوێد، بەڕێوەبەرانی پێشوی شارەوانیی دیوانییە دەستگیرکراون. هەروەها 6 کەسی دیکە کە بەرپرسی بەشەکانن لەناو شارەوانیدا داواکراون و هەندێکیان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتون.
تۆمەتی ئەو بەرپرسانە بریتییە لەدروستکردنی چەکی بانکیی ساختە و هەبونی مۆری فەرمیی بەڕێوەبەرەکان لەماڵەکانیاندا، ئەوەش بەمەبەستی دروستکردنی پسوڵەی کڕینی نایاسایی و خەرجکردنی پارەی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی تایبەت.
سەیف نائیلی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانییە، بەهۆی هەمان دۆسییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوە.
