شارپریس:
وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لەماوەی 15 ڕۆژدا زیانی قورسیان بەر هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە گەیاندوە؛ لەوانە کوژرانی زیاتر لە 200 سەرباز، تێکشکاندنی 11 فڕۆکەی جەنگی و کۆپتەر، و لەناوبردنی دەیان ڕادارو ناوەندی فەرماندەیی؛ جەختی کردەوە سیستەمەکانی بەرگریی ئەمریکا توشی شکستی گەورە بون لەبەرامبەر هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی تاراندا.
حوسێن موحێبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیم، ئاماری وردی ئەو زیانانەی خستەڕوو کە لەماوەی 15 ڕۆژدا (8ی تەممووز تا 21ـی تەمووز) بەهۆی هێرشەکانیانەوە بەر سوپای ئەمریکا کەوتون.
بەگوێرەی وتەی موحێبی، هێزە چەکدارەکانی ئێران لەم ماوەیەدا 11 فڕۆکەی جەنگی و کۆپتەری ئەمریکییان لەکاتی وەستانیان لەسەر زەوی لەناو بنکە سەربازییەکاندا بە تەواوی تێکشکاندوە.
لیستە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران بۆ زیانەکانی ئەمریکا بەم شێوە خراوەتەڕوو؛ 17 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوی چاودێری و هێرشبەر (کە 8 دانەیان نوێ بوون)، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-15 لە ناو شێڵتەرەکەیدا، فڕۆکەیەکی چاودێریی دەریایی جۆری P-8، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی جۆری C-17، هەشت فڕۆکەی گواستنەوەی سوتەمەنی، 4 کۆپتەری قورسی سەربازی و 6 مووشەکی پاشکۆکراو تێکشکاێندراون.
وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕاشیگەیاند، سیستەمە بەرگرییەکانی پاتریۆتی ئەمریکی لەناوچەکەدا هێندە لاواز بون کە موشەک و درۆنەکانی ئێران بەبێ هیچ جۆرە رێگرییەک ئامانجەکانیان دەپێکن.
هاوکات بەگوێرەی لیستەکەی سوپای پاسداران؛ 7 ناوەندی فەرماندەیی و چاودێری، 3 سیستەمی پەیوەندی مانگی دەستکرد، 6 راداری بەرگریی پاتریۆت، 3 ڕاداری مۆنیتۆرکردنی ئاسمانی و دەریایی، 8 سیستەمی راداری دۆزینەوە و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، 7 راداری بەرگریی مووشەکی، 3 سیستەمی راداری جۆری EPS و 2 راداری جۆری EPS 117، هاوشانی 5 راداری مەودا درێژ، 2 راداری بەرگری و یەک راداری تاکتیکی لە لایەن ئێرانەوە تێکشکێندراون.
وتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی هێرشەکان پەکخستنی تەواوی ژێرخانی سەربازیی ئەمریکا بووە، و هێزەکانیان زیانی قورسیان بە 6 کۆگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9، کۆگایەکی ئامادەکردنی فڕۆکەی F-15، کۆگایەکی درۆنی ئاکبەند، 2 ناوەندی فەرماندەیی، کۆگایەکی سووتەمەنی ناو فڕۆکەهەڵگر، کۆگایەکی فڕۆکەی P-8، چوار سەکۆی مووشەکی جۆری هایمارس (HIMARS)، 5 کۆگای فڕۆکەی جەنگی، 4 مۆڵگەی بەرگریی پاتریۆت، 6 سەکۆی تەقاندنی مووشەک، وێستگەیەکی سووتەمەنی، 2 ناوەندی پەیوەندی، داتاسەنتەرێکی زانیاری، یەک ناوەندی هوشیاریی دەستکردی سەر بە کۆمپانیای ئامازۆن لە بەحرەین، مۆڵگەیەکی کەشتیگەلی سێبەر، بەندەرێکی سووتەمەنی، 4 شێڵتەری فڕۆکەی جەنگی و 6 رەمپی فڕین. هاوشانی 12 کۆگای سووتەمەنی و 17 کۆگای گواستنەوەی چەک گەیاندووە.
سەبارەت بە زیانە مرۆییەکانی سوپای ئەمریکا، حوسێن موحێبی جەختی کردەوە "هێزەکانیان 8 بنکەی نیشتەجێبونی سەربازانی ئەمریکییان بۆردومان کردوە؛ ئاشکرای کرد کە تەنیا لە ئۆپەراسیۆنی "نەسر 2"دا، تێکڕای کوژراوانی ئەمریکا زیاتر لە 200 کەس بوەو ژمارەی بریندارەکانیش زۆر لەوە زیاترە، و داوای لە حکوومەتی ئەمریکا کرد کە رێگە بە رۆژنامەنوسان بدات تا بچنە شوێنی پێکدادانەکان و بەچاوی خۆیان ئاستی راستەقینەی زیانەکان هەڵسەنگێنن."
