شارپرێس:
پسپۆڕێک هۆشداریی دەدات لەوەی خواردنی هەنگوین بۆ هەندێک کەس مەترسیدارە و دەکرێت لە هەندێک بارودۆخدا کوشندە بێت.
بەپێی وتەی خانمە پڕۆفیسۆر نینا ڤیشنێڤسکایا، پسپۆڕی ژیاندروستیی لە زانکۆی تەکنیکی بێرم لە رووسیا، هەنگوین دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە شووکی ئانافیلاکتیک، کە پەرچەکردارێکی حەساسیەتی دژوار و لەپڕە و هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ دەکات ئەگەر بەپەلە چارەسەری پزیشکیی بۆ نەکرێت.
ئەو خانمە پسپۆرە دەڵێت: دەستنیشانکردنی هۆکاری دروستبوونی ئەم حەساسیەتە بەبێ پشکنین ئاسان نییە، چونکە دەکرێت بەهۆی خودی هەنگوینەکە، هەڵاڵە، یان پڕۆپۆلیسەوە بێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی حەساسیەتی وەرزییان بە هەڵاڵەی گوڵان هەیە.
سەرباری ئەمەش، خواردنی هەنگوین بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی بۆماوەیی نەگونجانی فرەکتۆز یان گەشەی زۆری بەکتریای ڕێخۆڵەیان هەیە ڕێگەپێنەدراوە، بەتایبەتی هەنگوینی شەبنەم (Honeydew) مەترسیدارە بۆ تووشبووانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس، نەخۆشییەکانی گورچیلە بەهۆی ڕێگری لە دەرکردنی پۆتاسیۆم، و هەروەها بۆ ژنانی دووگیان، شیردەر و منداڵانی خوار تەمەنی 3 ساڵ.
هەروەک دەڵێت: لە بەرامبەردا، ژنانی دووگیان دەتوانن دوای ڕاوێژی پزیشک هەنگوین بخۆن، هەروەک پێویستە تووشبووانی شەکرە و قەڵەوی بە وشیارییەوە بڕی خواردنی کۆنتڕۆڵ بکەن. لە کۆتاییدا وتویەتی: خواردنی هەنگوین بۆ منداڵانی خوار 3 ساڵ بە تەواوی قەدەغەیە، چونکە مەترسیی تووشبوونیان بە ژەهراوبوونی بۆتۆلینۆم لێدەکەوێتەوە.