شارپرێس:
پاش پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، حزبی شیوعی عێراق بەتوندی سەرکۆنەی بەردەوامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانو موشەکەکان دەکات کە شارو پێگەکانی هەرێم دەکەنە ئامانج، لەبەیاننامەیەکدا هۆشداریدا لەوەی، "تێکدانی ئاسایشی کوردستان، بەزاندنی ڕاستەوخۆی سەروەرییو یەکپارچەیی خاکی تەواوی عێراقەو پێویسته عێراق وهك دهوڵهت ههڵوێستى جدى لهوبارهیهوه ههبێت".
بڵاوبونەوەی ئەم هەڵوێستە توندە لەکاتێکدایە، ئامارەکان ئاستی مەترسییەکە نیشاندەدەن، لەماوەی سهرهتا تاوهكو 14ی ئابی ئەم مانگەدا، هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی هێرشی 16 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)و سێ موشەک بوەتەوە؛ کە تێیدا هەشت ههشت درۆنو سێ موشەک پارێزگای هەولێرو هەشت درۆنى دیکەش پارێزگای سلێمانییان کردوەتە ئامانج.
حزبی شیوعی لەبەیاننامەکەیدا جەختی لەچەند خاڵێکی سەرەکی کردوەتەوەو دهڵێت، "هێرشەکان بەتەواوی ڕەتکراوهو سەرکۆنەکراون، بەبێگوێدانە ئەوەی چ لایەنێک لەپشتیانەوەیە و چ پاساوێکی بۆ دەهێنرێتەوە".
دهشڵێت، "بەتوندی ڕەتدەکرێتەوە کە خاکی عێراق بکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان، دۆسیەی هێزە بیانییەکان دەبێت تەنها لەژێر دەسەڵاتی دەستورییو بڕیاری سیادیی دەوڵەتی عێراقدا بێت، نەک بەهۆکاری بڕیاری تاکلایەنە کە هاوڵاتیان بخاتە ناو شەڕێکەوە کە خۆیان هەڵیان نەبژاردوە".
حزبەکە هۆشداری توندیداوە کە بەردەوامیی فڕینی درۆنهكان، حکومەتی فیدراڵو دەزگا ئەمنییەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیو دەستوریی کە جێگەی هیچ کەمتەرخەمییەک نییە، داواشدەکات، لایەنە بەرپرسیارەکان ئاشكرابکرێنو بهگوێرهى یاسا ڕوبەڕوی دادگا بکرێنەوە.
لهکۆتاییدا، حزبی شیوعی جارێکی دیکە داوای جێبەجێکردنی بنەمای كۆكردنهوهى چەک لەدەستی دەوڵەتدا دەکاتو جەختدەکاتەوە، بڕیاری جەنگو ئاشتیی تەنهاو تەنها لەدەستی دامەزراوە دەستورییەکاندایەو پێویستە کۆتایی بەهەر جۆرە چەکدارییەکی دەرەوەی یاسا بهێنرێت.
