ئەوان کەمتر بۆ خۆیان ژیان، زیاتر بۆ ئەوانی تر

هەمەڕەنگ

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 89 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هیچ‌کەس بەخەیاڵیدا نەدەهات کە ئەو دوو هاوسەرە چینییە، دو یینگرۆنگ و لۆ سویینگە، کە ساڵانێکی زۆر بە ژیانێکی زۆر سادە و بەقەناعەت‌ ژیابون، سامانێکی گەورەیان هەبێت.

ئەوان نزیکەی 5 ملیۆن یوانی چینی کۆکردبوەوە؛ بڕێک کە لەو کاتەدا نزیکەی 735 هەزار دۆلار بوو. بەڵام ئەو پارەیەیان بۆ گەشت و گوزار، خۆشی و ژیانی پڕ لە لوکس و شانازی بەکار نەهێنا.

دو، مامۆستایەکی خانەنشین بوو و لۆ، پزیشکێکی خانەنشین. هەردوکیان لە شانگهای دەژیان و لە شوقەیەکی بچوک بە ڕوبەری تەنها 50 مەتر دوجا نیشتەجێ بون. کەلوپەلەکانیان کۆن بون و زۆربەیان چەندین جار چاککرابونەوە. تەنانەت چاویلکەی خوێندنەوەشیان بە پلاستەری پزیشکی بەستبوو.

هەموو خەرجییەکانیان بە وردی لە دەفتەرە کۆن و شڕەکەیان تۆمار دەکرد. هەوڵیان دەدا تا دەتوانن کەمتر خەرج بکەن و زیاتر پاشەکەوت بکەن. هەندێک جار تەنانەت تەنها خواردنێکی سادەیان بە هاوبەشی دەخوارد کە نرخەکەی زیاتر لە 17 یوان نەبوو؛ نزیکەی 205 دۆلار. بۆیە هەندێک لەدراوسێکانیان وایان دەزانی کە ئەوان زۆر هەژارن.

بەڵام ساڵی 2018 شتێک بە ئاڕاستەیەکى دیکەدا وەرچەرخان، ڕۆژێک دو یینگرۆنگ لە نەخۆشخانەیەکی شانگهای پۆستەرێک دەبینێت کە داوای یارمەتی بۆ منداڵانی هەژار و نەخۆشی دڵ دەکرد.

دو و لۆ هیچ دودڵ نەبون. سەرەتا 500 هەزار یوانیان بەخشى؛ نزیکەی 73 هەزار دۆلار، بۆ ئەوەی نەشتەرگەری دڵی 10 منداڵ دابین بکرێت. پاشان بڕیاریان دا هەموو ئەو پارە پاشەکەوتکراوەی دیکەشیان لە ڕێگەی دامەزراوەیەکی خێرخوازییەوە ببەخشن، بۆ ئەوەی ژیانی منداڵانی زیاتر ڕزگار بکرێت.

کاتێک کارمەندانی دامەزراوەکە داوایان لێکردن کە بەشێک لە پارەکە بۆ خۆیان بهێڵنەوە تا ژیانێکی ئاسودەتر بژین، ئەوان ڕەتیان کردەوە. وتیان:  موچەی خانەنشینییەکەمان بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانمان بەسە.
ئەوان هەموو ئەوەی کۆیان کردبوو، بەجێیان هێشت بۆ ئەوانەی پێویستییان پێیەتی. ئەنجامەکەش سەرسوڕهێنەر بوو: پاشەکەوتەکانی ئەو دوو مرۆڤە بوونە هۆی دابینکردنی نەشتەرگەریی دڵ بۆ 455 منداڵ؛ 455 منداڵ کە هەر یەکێکیان دەرفەتی نوێی ژیان وەرگرت.

دو یینگرۆنگ لە حوزەیرانى 2018 بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەیی لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بەڵام لۆ ئەو پەیامەی کەلەگەڵ هاوسەرەکەی دەستی پێکردبوو، بەردەوامى پێدا و تا تەمەنی 92 ساڵی ژیا؛ پاشان لە ئابی 2025 کۆچی دوایی کرد.

زۆر کەس تا دوای مردنیان نەیاندەزانی ئەم دوو کەسە چەند بەخشندە بون. چیرۆکەکەیان دواتر لە پێشانگایەکی خێرخوازی لە شانگهای بۆ یادیان بڵاوکرایەوە.

ئەوان نە سامانی گەورەیان بەمیراتى بەجێهێشت، نە ژیانێکی پڕ لە لوکس و خۆشییان بۆ خۆیان دروست کرد. بەڵام شتێکی زۆر گەورەتر و بەنرختر لە سامانیان بەجێهێشت: 455 منداڵ بەهۆی پاشەکەوتەکانی ئەو دوو هاوسەرە، دەرفەتی مانەوە و ژیانێکی نوێیان پێدرا.