قەیرانی دزینی مۆبایل لەبەریتانیا؛ ئامارەکان شۆکهێنەرن

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیاردەی دزینی مۆبایل لەبەریتانیا بۆتە کێشەیەکی گەورەو جێی نیگەرانی، بەجۆرێک کە ڕۆژانە نزیکەی 230 کەس لەئینگلتەرا و وێڵز مۆبایلەکانیان لێ دەدزرێت.


بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی 2025، زیاتر لە 83,000 تاوانی دزین یان ڕفاندنی مۆبایل لەم ناوچانەدا تۆمارکراون، هەرچەندە ئەم ڕێژەیە بەراورد بەساڵی 2024 کە 94,000 حاڵەت بوە، بە ڕێژەی 12% کەمیکردووە، بەڵام هێشتا لە ئاستی ساڵی 2023 بەرزترە کە 80,000 حاڵەت بوو.

جێی ئاماژەیە کە پێدەچێت ژمارە ڕاستەقینەکە لەوەش زیاتر بێت، چونکە 9 لە کۆی 44 بنکەی پۆلیس ئامارەکانیان بڵاونەکردۆتەوە.

لەندەن بەپشکی شێر لەسەروی لیستی ئەو ناوچانەیە کە زۆرترین دزییان تێدا دەکرێت، بە شێوەیەک کە 87%ی کۆی دزییەکان لەم شارەدا ڕوودەدەن. لە ساڵی 2025دا، زیاتر لە 72,000 حاڵەت لە لەندەن تۆمارکراوە، کە ناوچەی "وێستمینستەر" بە تەنها 20,700 حاڵەتی تێدا بووە.

ئامارەکان دەریدەخەن کە تێکڕای دزی لە لەندەن 795 حاڵەتە بۆ هەر 100,000 کەس، لە کاتێکدا لە دەرەوەی پایتەخت تەنها 21 حاڵەتە. دزەکان زۆربەی جار بە پاسکیل یان ماتۆڕسکیل لە قەرەباڵغییەکاندا مۆبایل لە دەستی بەکارهێنەر دەڕفێنن، بەتایبەت کاتێک کە خەریکی قسەکردن، نامەناردن یان وێنەگرتنن لە شوێنە گەشتیارییەکاندا.

سەرەڕای زۆریی ئامارەکان، تەنها 1%ی سکاڵاکان دەگەنە ئاستی تۆمەتبارکردنی فەرمی، ئەمەش نیشانەی کەمیی ڕێژەی دەستگیرکردنی تاوانبارانە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، پۆلیسی لەندەن دەستی کردووە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ وەک درۆن و ماتۆڕسکیلی کارەبایی لە ناوچە پڕمەترسییەکاندا، هەروەها پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیای "ئەپڵ" دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی مۆبایلە دزراوەکان لەکار بخرێن و نەتوانرێت دووبارە بفرۆشرێنەوە یان بەکاربهێنرێنەوە.

مارک ڕۆڵی، فەرماندەی پۆلیسی لەندەن، هۆشداریی توندی داوەتە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کە هەنگاوی خێرا بنێن بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی مۆبایلی دزراو، ئەگەرنا داوا لە حکومەت دەکەن یاسای نوێ و توندتر لەم بارەیەوە دەربکات.

ئەم دۆخە وایکردووە هاوڵاتیان و گەشتیاران لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایل لە شوێنە گشتییەکاندا زیاتر وریابن و خۆیان لە مەترسییەکان بپارێزن تا نەبنە ئامانجی دزەکان.