واشنتۆن پۆست: ئەمریکا بیر لەکشانەوەی هێزەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەکاتەوە

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی لەراپۆرتێکدا پەردەی لەسەر بوونی "گفتوگۆ" یەک ئاشکرا کردووە کە ئێستا لە نێوان سەرکردە سەربازیی و سیاسییەکانی ئەمریکادا بەڕێوە دەچێت بە مەبەستی پێداچوونەوە بە دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کشاندنەوەیان لە بنکە سەربازییەکانیان.

ڕۆژنامەکە بەپشتبەستن بە 8 سەرچاوەی ئاگادار لە ناو حکومەتی ئەمریکاوە باسی لەوەکردووە کە پێنتاگۆن "هەڵسەنگاندن بۆ بڵاوبوونەوەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە ناوچەی کەنداو دەکات"، وە جەختی کردۆتەوە کە "گفتوگۆکان سەیری ئەگەری کشاندنەوەی ئەو هێزانەش دەکەن لە پایەگاکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشی چڕ بوونەتەوە لە ئەنجامی جەنگ لەگەڵ ئێراندا".

سەرچاوەکان بۆ ڕۆژنامەکەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ئەدمیراڵ برادلی کۆپەر "پشتگیری لە دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کشاندنەوەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ڕۆژئاوا دەکات".

شایەنی باسە ئەو زانیارییانەی گفتوگۆ نوێیەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، دوای ڕاگەیاندنەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دێن کە ڕایگەیاندبوو گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی "بە تەواوی وەستاون".