شارپرێس:
دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کۆریای
باکور خاوەنی 57 چەکی ئەتۆمییە، ئەمەش وەک هەڵسەنگاندنێکی دەگمەنو وردی جبەخانەکەی
پیۆنگیانگ لەزاری سەرۆکێکی ئەمریکییەوە سەیر دەکرێت.
ترهمپ لەکۆشکی سپی بەڕۆژنامەنووسانی وت،
"كیم خاوەنی 57 چەکی ئەتۆمی زۆر بەهێزە، هەرگیز نەدەبوو ڕێگە بدرێت شتێکی وا ڕوبدات،
بەڵام ئێستا ئەو خاوەنیانەو منیش پەیوەندییەکم زۆرباشم لەگەڵیدا هەیە".
ترهمپ ئاماژەی بەوەشکرد، بەنیازی کۆبونەوەیە لەگەڵ
کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور، ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە ترهمپ فەرمانی بەبەرپرسانی
وەزارەتی بەرگریی (پێنتاگۆن) کردوە مەشقو ڕاهێنانە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ
سوپای کۆریای باشور کەمبکەنەوە.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، ترهمپ لەپۆستێکی تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکاندا نوسیبوی، ئەو مەشقە سەربازییانە پەیامێکی "نەگونجاوو تەواو
دوژمنکارانە" بۆ پیۆنگیانگ دەنێرن، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە لەتەواوی ماوەی سەرۆکایەتی
دۆناڵد ترهمپدا بەڕێزەوە مامەڵەیکردوەو هیچ هەڕەشەیەکی دروستنەکردوە.
پەیوەندییەکانی نێوان ترهمپو کیم جۆنگ ئون
دوای کۆبونەوە ڕاستەوخۆکانی ساڵانی 2018و 2019 ساردبونهوهیان بەخۆوە بینیبوو، لەنێویاندا
گفتوگۆیەکی کورتی ناوچەی داماڵراوی نێوان هەردوو کۆریا، کە تێیدا ترهمپ بوە یەکەم
سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی دەسەڵاتەکەیدا پێ بخاتە ناو خاکی کۆریای باکورەوە.
ترهمپ لەکاتی بەسەرکردنەوەی شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرەکان
لەباخچەی باشوری مێژویی کۆشکی سپی، بەڕۆژنامەنوسانی وت، "من کیم جۆنگ ئون زۆرباش
دەناسم، ئەو دۆخی باشدەبێت مادام سەرۆکێکی ژیرمان هەبێت".
خەمڵاندنی شارەزایان بۆ ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانی
کۆریای باکور لەماوەی ساڵانی ڕابردودا جیاواز بوە، پەیمانگای نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم
بۆ توێژینەوەی ئاشتی (SIPRI)
لەحوزەیرانی ئهمساڵدا خەمڵاندبوی کە ئەگەری هەیە کۆریای باکور نزیکەی 60 کڵاوەی ئەتۆمی
کۆکردبێتەوە، هەروەها مادەی تیشکدەری پێویستیشی لەبەردەستدایە بۆ بەرهەمهێنانی لانیکەم
30 کڵاوەی ئەتۆمی دیکە.
