شارپرێس:
تاران کۆتاییهاتنی گرێکوێرەی مامەڵە بانکییەکانی لەگەڵ بەغدا ڕادەگەیەنێت؛ پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێرانیش ئاشکرایدەکات، لەهەفتەکانی داهاتودا دەست بەبەکارهێنانی داراییە بلۆکەکراوەکان دەکرێتو حکومەتی عێراقیش گڵۆپی سەوزی بۆ گرەنتیکردنی بەڵێندەرە ئێرانییەکان هەڵکردوە.
عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، کۆسپەکانی بەردەم مامەڵە بانکییەکانی نێوان ئێرانو عێراق دوای گفتوگۆکانی ئەمدواییەی بەغدا نەماون، جەختیشیکردەوە، زەمینە خۆشکراوە بۆ بەکارهێنانی ئەو سەرچاوە داراییە بلۆکەکراوانە لەچەند هەفتەی داهاتودا.
هیمەتی سروشتی ئەو گرەنتیو ئاسانکارییانەی ئاشکراکرد کە پێشکەش بەبازرگانو بەڵێندەران دەکرێت، لەلێدوانێکدا کە ئاژانسی (مێهر)ی ئێرانی بڵاویکردوهتهوه، جەختی لەگرنگی خێراکردنی کارلێکە ئابورییەکانو وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکان کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێشکەوتنی بەرچاو لەمەلەفی سنوردارکردنە بانکییەکاندا هاتوەتە ئاراوە.
ڕونیشیکردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەفەرمی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەرکردنی گرەنتی حکومی بۆ بەڵێندەرە ئێرانییەکان، ئەمەش بەگرەنتی ئەو سەرمایەو داراییانەی ئێران کە لەبانکەکانی عێراقدا هەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانە جێبەجێکارییەکان بۆ ئاسانکاریی کارە مەیدانییەکان دەرچون.
هیمەتی ستایشی نەرمیو ئاڕاستە ئەرێنییەکانی تیمە کارگێڕییە نوێیەکەی عێراقی کردو پێیوابوو، ئەم هەنگاوانە ئاسۆیەکی نوێ بۆ پەرەپێدانی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیو فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە.
سەبارەت بەدەسەڵاتەکانو سنورە سەروەرییە هاوبەشەکان، میکانیزمی بەڕێوەچونی ڕێککەوتنە نەقدییەکانو سودوەرگرتن لەسەرچاوە بەردەستەکانی ڕونکردەوە.
ئهوهشى وتوه، "حکومەتی ئێران جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە نەقدییەکان دەبەستێتەوە بەڕەزامەندیی سەرکردایەتیو ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە، یاداشتی ئازادکردنی سەرمایە نەقدییەکان، هەرچەندە بۆ خزمەتی بەرژەوەندی نیشتمانی ئامادەکراوە، بەڵام بەندە بەڕێنماییە باڵاکانی دەوڵەتەوە".
هیمەتی جەختیکردوهتهوه، دابەزینی داهاتی نەوت تەحەدایەکی گشتگیرەو ڕوی لەهەموو وڵاتانی ناوچەکە کردوە، بەڵام جیاوازییە سەرەکییەکە لەو سنوردارکردنە دەرەکییە توندانەدایە کە ڕێگریی لەئێران دەکەن بەتەواوی دەستی بەیەدەگە نەقدییەکانی بگات بەهۆی ڕێکارە بلۆکەکردنەکانی ئەمریکاوە.
