شارپرێس:
تورکیا لەپەیامێکی تونددا کە وەک وەڵامێک بۆ سیاسەتەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا دەبینرێت، جەختی لەبەهێزترکردنی هەژمونی سەربازیی خۆی لەناوخاکی سوریا کردەوە؛ ئەنكەرە ڕایگەیاند، بونی هێزەکانی سوپاى وڵاتهكهى وەک بەربەستێکی ستراتیژییە بۆ ڕێگریکردن لەبەهێزبونی کورد کە وەک مەترسییەکی وجودی دەیبینێت، هاوکات وەک گەرەنتییەک بۆ ڕێگریی لەسەرهەڵدانەوەی چەکدارانی داعش.
بەرپرسانی تورکیا لەنوێترین لێدوانیاندا سەبارەت بەپاراستنی سەروەریی خاکی سوریا، ئاماژەیان بەوەکردوە، کشانەوەی تورکیا لەمکاتەدا خزمەت بەو ئەجێندایە دەکات کە ئیسرائیلو هەندێک هێزی دیكه بۆ دابەشکردنی ناوچەکە هەیانە.
تورکیا دەڵێت، "بونی ئێمە لەسوریا تەنها بۆ پاراستنی سنورەکانمان نییە، بەڵکو بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە کە ئەگەر دروستبێت، ئیسرائیلو نەیارانی دیكه بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بەکاریدەهێنن".
ئەنكەرە دوو هۆکاری سەرەکی وەک پاساوی مانەوەی بەهێزی خۆی لەسوریا دەخاتەڕوو، ئهوانیش ڕێگری لەقەوارەی کوردی، لهو ڕوهشهوه تورکیا بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوە، ڕێگەنادات هیچ جۆرە قەوارە یان دەسەڵاتێکی کوردی لەباکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) بەهێزبێت، ئەنكەرە ئەم هێزانە بەدرێژکراوەی پەکەکەو مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دادەنێتو پێیوایە هەر جۆرە دەسەڵاتێکی کوردی لەوێ، دەبێتە هۆی تێکدانی یەکپارچەیی خاکی تورکیاو سوریا پێکەوە.
دوهمیش، باسى بەرەنگاربونەوەی داعشى كردوهو خۆی وەک پارێزەری ناوچەکە لەتیرۆری جیهانی نیشاندەداتو جەختدەکاتەوە، ئەگەر هێزەکانی لەسوریا نەبن، چەکدارانی داعش جارێکی دیكه دەرفەتی خۆڕێکخستنەوەیان دەبێت، ئەمەش نەک تەنها بۆ سوریا، بەڵکو بۆ هەموو جیهان مەترسیدارە.
ئەم هەڵوێستە توندەی تورکیاو جەختکردنەوەی لەسەر پاراستنی سەروەریی سوریا، لە ڕاستیدا پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ تەلئەبیبو واشنتۆن، کە ئەنكەرە ئامادەنییە دەستبەرداری باکوری سوریا بێتو بەرژەوەندییەکانی خۆی لەشەڕی دژی کوردو داعشدا، لەسەروی هەر ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییەوە دەبینێت.
ئهم پهیامهى توركیا هاوكاتیشه لهگهڵ هێرشێكى چڕى ئیسرائیل لهدوو ڕۆژى داهاتودا بۆسهر هێزهكانى سوپاى توركیا لهفڕۆكهخانهیهكى شارى ئیدلب لهناوهڕاستى خاكى سوریادا، كه توركیا مهبهستى بوو نۆژهنى بكاتهوه بهمهبهستى بهكارهێنانى ئاڵوگۆڕى سهربازیى خۆى.
