شارپرێس:
فەرماندەیەکى باڵای ڕوسی هۆشداری داوە کە هەڵوێستی هێرشبەرانەی ئیسرائیل لە
سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆتاییدا دەتوانێت بونی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی
سەربەخۆ بخاتە مەترسییەوە.
جەنەرال ئەپتی ئالائودینۆڤ، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ئەخمەت (Akhmat)، ئەم قسانەی لە گفتوگۆیەکدا
لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی TASS ـی ڕوسیا کردوە.
ئەم لێدوانانە دوای هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆسەر بنکەی سەربازی ئەبوو
زوهور لە پارێزگای ئیدلیبی سوریە هات؛ شوێنێک کە بە شێوەیەکی مەترسیدار نزیکە لە
سنوری باشوری تورکیا، ئەمەش لە ئەنقەرە نیگەرانیی لەبارەی ئەگەری گەشەکردنی
کاریگەرییەکانی شەڕ و گواستنەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ ناوچەکانی دەوروبەر دروست کردوە.
جەنەرال ئالائودینۆڤ وتویەتی، ئیسرائیل بە ئەنقەست بەرەو زیادکردنی ئاڵۆزی
دەڕوات و هەوڵ دەدات ململانێی ئێستای ناوچەکە بکاتە شەڕێکی چەندبەرەیی.
بەپێی لێکدانەوەی ئەو، ئامانجی ئیسرائیل ئەوەیە کە ململانێکە تا ئەوپەڕی خۆی
فراوان بکات و ویلایەتە یەکگرتووەکان و تەواوی ناتۆ بخاتە ناو شەڕەکە.
ئالائودینۆڤ هەروەها هۆشداری داوە کە هەڵەی ئیسرائیل لە هەڵسەنگاندنی توانای
سەربازیی خۆی دەتوانێت زیانبار بێت بۆی و لە کۆتاییدا ئەو وڵاتە بەهۆی
هەڵخەڵەتاندنی خۆی لە توانا سەربازییەکانى نەتوانێت وەک دەوڵەتێک بەردەوام بێت.
لێدوانەکانی ئەم فەرماندەیە لە کاتێکدا دێن کە نیگەرانییەکانی ڕووسیا
لەبارەی هێرشە یەکلایەنەکانی ئیسرائیل ڕوو لە زیاد بوونە؛ بە تایبەتی ئەو
هێرشانەی کە دەتوانن هاوپەیمانەکانی مۆسکۆ لە سوریا بخەنە مەترسییەوە و ناوچەکانی
ئارامکردنەوەی بارودۆخ لە نزیک سنووری تورکیا نائارام بکەن.
ئەم لێدوانە دەکرێت وەک نیشانەیەک لە توندبوونەوەی
ڕەخنە و نیگەرانییە ستراتیژییەکانی مۆسکۆ لە سیاسەتی ئیسرائیل لە ناوچەکە سەیر
بکرێت.