میدیای ئیسرائیلی مەترسییەکی تورکیا لەسەر رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1206 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە ئیسرائیلییەکان لەسەر زاری سەرچاوە کوردییەکان لە سوریا ئاشکرایان کردووە کە تورکیا هەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان چڕتر کردۆتەوە و تاوتوێی پێشڕەویکردن بەرەو ناوچەکانی نزیک سنووری عێراق لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "کان 11"، بەرپرسانی کورد ئاماژە بەوە دەکەن کە بوونی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا دیاردەیەکی نوێ نییە و مێژووەکەی بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە، بەڵام پێشهاتە تازەکان مەترسی جدییان دروست کردووە.

بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ناوچەکە  باسیان لەوە کردووە کە ئەنقەرە لەڕێگەی دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق هەوڵ دەدات پێگەی خۆی بەهێزتر بکات تا ئەو ڕادەیەی سووریا بگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی پاشکۆی خۆی، هەروەها جەختیان کردۆتەوە کە تورکیا بایەخ بە بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا نادات.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی سەربازیی پێشووی هێزە کوردییەکان ڕایگەیاندووە کە تورکیا نەک تەنیا پشتبەستن بە هێزە ڕاستەوخۆکانی خۆی، بەڵکو لەڕێگەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە خۆیەوە کە تێکەڵ بە سوپای نوێی سووریا کراون لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد ئەلشەرع، دەسەڵاتێکی هەواڵگریی و سەربازیی بەربڵاوی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دروست کردووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕوونیشی کردۆتەوە کە کوردەکانی سوریا زانیاریی هەواڵگرییان ڕادەستی لایەنی ئەمریکی کردووە دەربارەی چالاکی ئەو گروپە چەکدارانە، لەوانەش تۆمەتەکانی پەیوەست بە ئاسانکاریکردن بۆ قاچاخچێتی چەک لە ئێرانی دراوسێوە لەڕێگەی سنوورەکانی عێراق و سووریاوە.

ئەوەش هاتووە:  سەرەڕای ئەوەی کوردەکانی سوریا هۆشدارییان داوە لەوەی گەشەکردنی ڕۆڵی تورکیا لەو ناوچانەدا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ناوچەکە دروست دەکات، بەڵام بێئومێدی خۆیان دەربڕیوە لەوەی واشنتۆن وەک پێویست ئاوڕی لەو هۆشدارییانە نەداوەتەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی