شارپرێس:
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کارۆلینای باکوور لە ئەمریکا، کە لە 1ی تەمموزی 2026 لە گۆڤاری "Genes & Development" بڵاوکراوەتەوە، هۆکارێکی بایۆلۆجیی بۆ جیاوازیی نێوان نێر و مێ لە مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ ئاشکرا کردۆتەوە.
توێژەرەکان بۆیان دەرەکوتووە کە پرۆتینی "DDX3X" ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە گەشەکردنی دڵی مێینەکاندا دەگێڕێت و وەک "قەڵغانێکی جینی" کار دەکات؛ بەڵام دڵی نێرەکان دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر بەبێ ئەم پرۆتینەش بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە بکات.
توێژینەوەکە لەسەر مشکەکان ئەنجام دراوە، سڕینەوەی جینی بەرپرسیار لە بەرهەمهێنانی ئەم پرۆتینە لە خانەکانی ماسولکەی دڵی کۆرپەکان، بووە هۆی شکستی توندی دڵ لە کۆرپە مێینەکان و مردنیان پێش لەدایکبوون؛ لە کاتێکدا کۆرپە نێرەکان بە هەمان گۆڕانکاریی جینییەوە بەردەوام بوون لە گەشەکردن و زیندوو مانەوە.
پرۆتینی "DDX3X" یارمەتیی خانەکان دەدات زانیارییە جینییەکان بە دروستی بخوێننەوە و بیانگۆڕن بۆ پرۆتینە پێویستەکان. کەمیی ئەم پرۆتینە دەبێتە هۆی کێشە لە دروستبوونی ماسولکەی دڵ و ڕێکخستنی لێدانی.
توێژەران دەڵێن دڵی مێینەکان بە سروشتی ئاستێکی زیاتر لەم پرۆتینەیان هەیە، چونکە جینی بەرهەمهێنەری لە کرۆمۆسۆمی "X" بەشێوەیەک کار دەکات کە لە هەندێک خانەدا لە چالاکبوونی میکانیزمی ناچالاککردنی یەکێک لە دوو کۆپییەکەی دەرباز دەبێت.
ئەم دۆزینەوەیە دەتوانێت ڕوونکردنەوەیەک بۆ هەندێک نەخۆشیی زگماکیی دڵ، لەوانەش نەخۆشییە پەیوەستەکان بە سندرۆمی تێرنەر و سندرۆمی "DDX3X"، دابین بکات.
توێژەران هیوایان وایە توێژینەوەکانی داهاتوو لەسەر مرۆڤ پشتڕاستیی ئەم ئەنجامانە بکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێگای چارەسەر و دەستنیشانکردنی وردتری نەخۆشییەکانی دڵ بەپێی جیاوازییە بایۆلۆجییەکانی نێر و مێ خۆش بکەن.