شارپرێس:
چوار ڕاپرسیی ڕای گشتیی دەربارەی هەڵبژاردنە پەڕلەمانییە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل، پێشکەوتنی غادی ئایزینکۆت، فەرماندەی سەربازیی پێشووی ئیسرائیلیان بەرانبەر بە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاشکرا کردووە؛ بەڵام هیچ کام لە دوو بەرە سیاسییەکە نەیانتوانیوە زۆرینەی پێویست، کە 61 کورسییە لە کنیسێت، بەدەست بهێنن.
9 ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکان، ڕاپرسییەکانی ڕۆژنامەی "مەعاریڤ"، دەزگای پەخشی ئیسرائیلی "کان" و کەناڵەکانی 12 و 13، نزیکییەکی زۆریان لەنێوان دوو بەرەیەدا نیشان داوە. بە تێکڕا، کامپی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرکردایەتیی ئایزینکۆت 51.25 کورسی و کامپی نەتانیاهۆ 51 کورسییان بەدەست هێناوە. پارتە عەرەبییەکان و لیستە بچووکەکانیش ڕۆڵێکی گرنگ لە دیاریکردنی هاوسەنگیی هێزەکاندا دەگێڕن.
بەپێی ڕاپرسیی "مەعاریڤ"، پارتەکەی نەتانیاهۆ، "لیکود"، دوو کورسیی لەدەست داوە و کورسییەکانی بۆ 18 دابەزیون. لە بەرانبەردا، کورسییەکانی پارتە عەرەبییەکان بە کۆی گشتیی گەیشتۆتە 14 کورسیی، سەرەڕای دابەزینی لیکود، کۆی کورسییەکانی کەمپی هاوپەیمانیی حکومەت بە 51 کورسی ماوەتەوە.
ڕاپرسیی کەناڵی 13 نیشانی داوە کەمپی نەتانیاهۆ لە 55 کورسییەوە بۆ 51 کورسی دابەزیوە. پارتەکەی ئایزینکۆت، "یەشار"، 20 کورسی و لیکود 18 کورسیی بەدەست هێناوە. پارتە عەرەبییەکانیش 15 کورسییان هەیە.
لە ڕاپرسیی "کان"، کامپی نەتانیاهۆ 53 کورسی و کامپی ئایزینکۆت 50 کورسیی بەدەست هێناوە. بەڵام ڕاپرسیی کەناڵی 12 پێشەنگیی یەشار بە 23 کورسی بەرانبەر بە 20 کورسیی لیکود نیشان داوە.
بە تێکڕای چوار ڕاپرسییەکە، یەشار 21.5 کورسی، لیکود 19 کورسی و پارتی نەفتالی بێنێت 12.5 کورسییان پێشبینی بۆ کراوە. ئەنجامەکان نیشانی دەدەن کە هیچ کامپێک زۆرینەی ڕوونی نییە و پارتە عەرەبییەکان و لیستە بچووکەکان دەتوانن بڕیار لەسەر هاوسەنگیی هێزەکان لە کنیسێت بدەن.