شارپرێس:
پاش تێپەڕبونی دوو ڕۆژ بەسەر ئەو تەقینەوە بەهێزەی کە لە17ى ئەم مانگەدا بارەگایەکی فەرمیی حەشدی شەعبی لەبەغدای پایتەخت هەژاند، هێشتا مەلەفەکە بەکراوەیی ماوەتەوەو بازنەی لێکدانەوە ئەمنییەکان فراوانتربون، سەرهڕای ئەوەی لەیەکەم ساتەوەختی ڕوداوەکەوە دانیشتوانی ناوچەکە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستیانکردەوە، دەنگی تەقینەوەکە زۆر بههێز بوەو دوکەڵێکی چڕ ئاسمانی تەنیوە، بەڵام بەیاننامە خێراکەی دەستەی حەشدی شەعبی کە هۆکارەکەی تەنها بۆ تەقینەوەی ناوخۆیی گۆڕیی، لەئێستادا ڕوبەڕوی گومانی توند بوەتەوەو ئاماژهكان بۆ ئهوه دهچن، گوایه حەشد بەئەنقەست دەیەوێت ڕاستیی هێرشە دەرەکییەکان بشارێتەوە.
پاش تێپەڕبونی کات بەسەر ڕوداوەکەدا، پسپۆڕانی سەربازیی ئاماژە بەوەدەکەن، پەنابردنی حەشد بۆ دەستەواژەی "تەقینەوەی کۆگایەکی کۆنی تێکچوو" لەناوچەیهكى ڕۆژهەڵاتی بهغدا، تەکتیکێکی میدیایی دوبارەبوەوەیە بۆ شاردنەوەی قەبارەی ئەو دزهكردنه ئەمنییانەی کە لەلایەن هێزە نەیارەکانەوە دەکرێنەسەر بنکەکانیان.
باس لهوهدهكرێت، ئەمجۆرە وەسفکردنە کارگێڕییانە بۆ ڕێگریکردنە لەشڵەژانی زیاتری کایەی ئەمنیی حکومەتی عێراق، بەتایبەت لەناو گەرمەی جەنگی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەو گومانە چڕانەی کە دەڵێن بارەگاکە ڕوبەڕوی هێرش بوەتەوە، پشت بەو مێژوە دەبەستن کە تێیدا بنکەکانی حەشد هەمیشە ئامانجی سەرەکیی لێدانى موشەکی دەرەکی بون، لەماوەی جەنگی ئێستاو ساڵانی ڕابردودا، چەندینجار بەشێوازێکی ڕاستەوخۆ بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەبەغداو پارێزگاکان لهلایهن ئهمریكاوه بۆردومانکراونو فەرماندە باڵاکانیانی کردوەتە ئامانجو پێشتریش چەندینجار ئیسرائیل لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)و هێرشی هاوشێوهى 17ى ئهم مانگه، کۆگاکانی چەکو موشەکی بالیستیی حەشدی لەناوخۆی عێراقدا تەقاندوەتەوە بەبێئەوەی بەفەرمی ڕابگەیەنرێت.
سهرچاوهكان ئاماژه بهوهشدهكهن، ململانێی بەردەوامی هەواڵگریی نێوان تارانو ڕیاز وایکردوە، بنکەکانی حەشد لهعێراق، وەک بەشێک لەهێزەکانی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەمیشە لەبازنەی ئاگری ئەم گرژییە هەرێمییانەدابن.
لهلایهكى دیكهشهوه، باس لهوهدهكرێت، دەستەی حەشدی شەعبی کە لە2014دا بۆ شەڕی دژ بەداعش پێکهاتو دواتر تێکەڵی دامەزراوەی سەربازیی فەرمی کرا، لەئێستادا چەندین لیوای گروپه چەکدارەکانی تێدایە کە بەتەواوی لەژێر بڕیارى تاراندا دەجوڵێنەوە، ئەو هێزانە بەشێوازی سەربەخۆ هێرشدەکەنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا؛ بۆیە دوای دوو ڕۆژ لەم ڕوداوە، واقیعی جوڵەکان پیشانیدەدات، جەنگێکی هەواڵگریی بێدەنگ لەئارادایەو شاردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن حەشدەوە تەنها بۆ پاراستنی هەیبەتی سەربازیی خۆیەتی لەناوجەرگەی پایتەختدا.