ئازەربایجان هاکان فیدان بەهاندانی کودەتا دژ بەئیلهام عەلیێڤ تاوانباردەکات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 896 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گرژییەکانی نێوان ئەنكەرەو باکۆ بەخێرایی ڕویان لەهەڵکشان کردوەو بەرەو قەیرانێکی قورسی دیپلۆماسی سه‌رده‌كێشن، میدیا فەرمییەکانی ئازەربایجان بەڕاشکاوی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوانباردەکەن بەوەی لەناو قوڵایی باکۆدا، سەرپەرشتیی کۆبونەوەی شێرپەنجەیی‌و نهێنیی کردوە بۆ تەیارکردنی کۆمەڵێک شانەی سەر بەدامەزراوە تورکییەکان بەمەبەستی ڕوخاندنی حکومەتەکەی ئیلهام عەلیێڤ لەڕێگەی کودەتایەکی سیاسییەوە.


ماڵپەڕی (قافقاز ئینفۆ ـ Qafqazinfo) کە نزیکە لەحکومەتی ئازەربایجان، لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەمیانی سەردانی هەفتەی ڕابردویدا بۆ باکۆ، کۆبونەوەیەکی زۆر نهێنی‌و مه‌ترسیدارى لەبارەگای (سندوقی هاوکاریی لاوان ـ GYF) ئەنجامداوە.

ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە، فیدان لەو دیدارەدا ڕێنمایی گوماناوی ئاراستەی گەنجان کردوەو هانیداون بۆ نانەوەی پشێویی، تێکدانی ئاسایش‌و داڕشتنی پلانی پاشەکشێ بۆ ئەنجامدانی کودەتای سیاسیی لەوڵاتەکەیاندا.

ماڵپەڕە فەرمییەکەی ئازەربایجان، دامەزراوەو ڕێکخراوە مرۆیی‌و خێرخوازییەکانی تورکیای لەباکۆ بەتێوەگلان لەکاری تێکدەرانە تاوانبارکردو مێژوی ساڵی 1995ی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ کە تێیدا ڕێکخراوە تورکییەکان بەفەرمی تێوەگلابون لەهەوڵێکی کۆنی کودەتا لەئازەربایجاندا، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ هۆشدارىدەدات، ئەنكەرە دەیەوێت لەڕێگەی تەیارکردنی "بریکارانی نفوز"ەوە دەستبخاتە ناو کاروباری ناوخۆیی باکۆ، بۆیە داوای لەدەسەڵاتداران کردوه‌، بەخێرایی پێداچونەوە بەمۆڵەت‌و چالاکیی تەواوی ڕێکخراوە تورکییەکاندا بکەن.

لەبەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە بەتوندی ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوەو باڵیۆزخانەی تورکیا لەباکۆ شەممەى ڕابردوو بەیاننامەیەکی بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگەیاند، "ڕاپۆرتەکەی (قافقاز ئینفۆ) تەنها درۆو چەواشەکاریی ڕوتە بۆ هاندانی گەلی ئازەربایجان دژ بەتورکیا".

باڵیۆزخانەکە ڕونیکردوه‌ته‌وه‌، فیدان تەنها بۆ پشکداریکردن لەحەوتەمین کۆبونەوەی لوتکەی سەرۆک دەوڵەتانی کۆنفرانسی (CICA) چوەتە باکۆو لەوێ وەک هەر بەرپرسێک چەند وێنەیەکی یادگاریی لەگەڵ هاوڵاتیان گرتوە کە تێیدا ئەندامانی دەزگایەکی یاسایی ئازەربایجانیشی تێدابوەو هیچ جۆرە کۆبونەوەیەکی نهێنی یان ڕێنماییەک بونی نەبوە.

ئەم تەقینەوە دیپلۆماسی‌و ئەمنییە زۆر قورسە لەکاتێکدا دێت، پێشتریش په‌یوەندییەکانی نێوان ئەردۆغان‌و عەلیێڤ توشی گرژیی توند بوبوو؛ ئەمەش پاشئەوەی تورکیا بەفەرمی ناڕەزایەتیی دەربڕیی دژ بەبڕیاری قەدەغەکردنی حیجاب لەقوتابخانەکانی ئازەربایجاندا کە باکۆ ئەو هەڵوێستەی ئەنكەرەی وەک دەستێوەردانێکی قبوڵنەکراو لەکاروباری ناوخۆیی خۆیدا لەقەڵەمدا.