شارپرێس:
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لەرێوڕەسمێکی فەرمیدا مەرسومی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی بەخشییە گادی ئایزنکۆت، سەرکردەی پارتی یەشار، كە یەکێکە لەدیارترین ئەو كەسانەی دژایەتی بنیامین ناتانیاهۆیان دەكرد.
لەرێوڕەسمەکەدا لەشاری قودس، ئیسحاق هێرزۆگ ئاشكرایكرد، کە دوای ڕاوێژکارییە چڕەکانی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە براوەکانی پەرلەمانی 26ەمینی ئیسرائیل (کنێست)، 67 پەرلەمانتار پێشنیازیان کردوە گادی ئایزنکۆت ڕابسپێردرێت، لەکاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ تەنها لەلایەن 46 پەرلەمانتارەوە پشتیوانیی لێکراوە.
بەگوێرەی یاسای بنەڕەتی و نەریتە دەستورییەکانی ئەو وڵاتە، سەرۆكایەتی بەو سەرکردەیە دەسپێردرێت کە زۆرترین چانسی هەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی گەورەترین پارتیش نەبێت.
هاوکات سەرۆکی ئیسرائیل هۆشداریدا لەهەڕەشەکانی دەرەوە و وتی،" ئێران تەنانەت بۆ یەک چرکەش لەپیلان و هەڕەشەکانی ناوەستێت، بۆیە ئیسرائیل لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە کە پێویستی بەهەنگاوی بەپەلە هەیە".
لەبەرامبەردا، گادی ئایزنکۆت لەوتاری وەرگرتنی مەرسومەکەدا بەهەستکردن بەبەرپرسیارێتییەکی قوڵەوە ڕوی لەخەڵکی ئیسرائیل کردو یادی قوربانیانی جەنگ و بارمتەکانی کردەوە و وتی،" ئیسرائیل لەدۆخێکی نائاسایی و سەختدایە.
ئایزنکۆت لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتی ناتانیاهۆ و ڕایگەیاند،"ئیسرائیل ئەو ئیمتیازەی نییە کە کات بەفیڕۆ بدات یان بگەڕێتەوە بۆ خولی بێکۆتایی هەڵبژاردنەکان، چونکە ئاڵنگارییەکان یەکجار بەپەلەن. 74 ئەندامی کنێست چیتر متمانەیان بە بەردەوامبونی ئەم حکومەتە ماوەبەسەرچوە و سەرۆکەکەی نەماوە. ئەمە دەنگی ڕاستەقینەی گەلە و دەبێت ڕێزی لێبگرین".
ئایزنکۆت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر مەرسومی ئەمڕۆ ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەت، ئەوا پێویستی بەهەنگاوی سیاسیی "داهێنەرانە و نائاسایی" دەبێت بۆ ئەوەی دیموکراسیی ئیسرائیل لەم قەیرانە قوڵە ڕزگار بکرێت و ڕێگری لەداڕمانی دامەزراوەکان لەناوەوە بگرێت.
