وەزارەتی كارەبا كەمبونەوەی كاتژمێرەكانی كارەبای ڕاگەیاند

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 664 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، بەهۆی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆرو ڕاگیرانی هەناردەی غاز بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا بەبڕی 2500 بۆ 2800 مێگاوات لەتۆڕی نیشتمانی کەم دەکات و دەشڵێت، بەهۆیەوە كاتژمێرەكانی كارەبا كەمدەبێتەوە.


ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بەمیدیای پارتی ڕاگەیاند،  پاش هێرشەکە هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، سلێمانی، بازیان، چەمچەماڵ و دهۆک راگیراوە، بەم هۆیەشەوە لەکاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوەوە کاریگەریی کەمبونەوەی کارەبا لەسەر هاوڵاتییان بە تەواوی دەردەکەوێت و بە گشتی نزیکەی 2500 تا 2800 مێگاوات کارەبا لەتۆڕەکە کەم دەبێتەوە.

ئومێد ئەحمەد وتیشی،" لەپێناو رێگریکردن لەڕودانی کوژانەوەی گشتی (بلاک ئاوت)، وەزارەتی کارەبا لەرێگەی بەگەڕخستنی وێستگەکانی هایدرۆپاوەر لەبەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان و ئەو وێستگانەی دەتوانرێت بەسوتەمەنیی دیکە کار بکەن، کارەبا بۆ شوێنە هەستیارو گرنگەکان وەک نەخۆشخانەکان و وێستگەکانی ئاو دابین دەکات".

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمشەو جارێكی دیكەی هێرشی درۆنی كرایەوە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لەچەمچەماڵ.