پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوون بۆ خەرجكردنی پارەی "پایتەختی رۆشنبیری" سلێمانی دەكات

کوردستان

18/08/2019‌ 605 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی پەرلەمانی كردستان رایگەیاند، لیژنەكەیان بەدواداچوون بۆ ئەو پارەیە دەكات، كە بۆ ژێرخانی "پایتەختی رۆشنبیری" سلێمانی تەرخانكراوە.

مەم بورهان قانیع ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەراگەیەنراوێكدا راشیگەیاند، ئەو 20 ملیارد دینارەی لەساڵی 2013دا بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و بۆ مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی تایبەت بە ژێرخانی كولتوریی "پایتەختی رۆشنبیریی"ی هەرێمی كوردستان سەرفكراوە، بەشێكی وردەكاریی سەرفكردنی پارەی ئەو 20 ملیارد دینارە (بە داتاوە) لەبەردەستی مندایە و تێبینیشم لەسەر وردەكارییەكەی هەیە و بەشێكی ئەم تێبینییانەیشم خستوەتە بەردەمی لیژنەی "رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان" لە پەرلەمانی كوردستان".
 
ئەو پەرلەمانتارە رۆشنبیران و هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكاتەوە، وەك ئەندامێكی پەرلەمان و ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری‌و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، بەردەوام دەبێت لەسەر بەدواداچوونەكانی سەبارەت بە وردەكارییەكانی تایبەت بە چۆنییەتی سەرفكردنی ئەم 20 ملیارد دینارە بۆ "پایتەختی رۆشنبیریی" و لێكۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە، بەجۆرێ‌ لەرێی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان،
 
مەم بورهان قانیع باس لەوەش دەكات، لەسەر ئەو پرسە لیژنەیەكی تایبەتییان بۆ ئەم كەیسە پێكهێناوە، كە لە وەرزی نوێی دانیشتنەكانی پەرلەمان هەنگاوە پراكتیكییەكانی ئەم كارە دەستپێدەكەن، جەختیشدەكاتەوە ئەگەر پێویستیشی كرد، بانگێشتی "وەزیری رۆشنبیریی و لاوان" دەكات.
 
هەروەها پەرلەمانتارەكەی پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات، پرسی سەرفكردنی 20 ملیارد دینار بۆ پایتەختی رۆشنبیری، پرسێكی گرنگەو ناهێڵێت وردەكاریی سەرفكردنی ئەو پارەیە، بەبێ‌ چاودێریی و بەدواداچوونی كاری پەرلەمانی تێبپەڕێت، وەك خۆی دەڵێت، داوا لە داواكاریی گشتی و دەستەی دەستپاكی هەرێم و چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان دەكات، هاوكاریان بن بۆ سەرخستنی هەنگاوەكانیان.

س . هـ