توركیا لەهێزی روسیا تێنەگەیشتووە و لەلیبیا یاری بەئاگر دەكات

لە میدیاکانەوە

09/07/2020‌ 2860 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەلێكساندەر سیتنیكۆڤ ، نووسەر و شرۆڤەكاری روسی دەڵێت: توركیا لە هێز و توانای راستەقینەی هێزی دەریایی روسیا  تێنەگەیشتووە، بۆیە ئەوەی لە لیبیا دەیكات وەك یاریكردن وایە بە ئاگر.

سیتنیكۆڤ باسی لەوە كردووە، كە توركەكان بە كەشتی جەنگیی وەك "ئۆلیڤەر هازارد بیری"، كە بە تۆڕبینی غازی كار دەكەن لەكەناراوەكانی لیبیا جموجۆڵ پێدەكەن، كە بەپێی "پۆڕتاڵی هەواڵی ئەفریقا" توركیا ئەو كەشتییە جەنگیانەی لە هێزی سەریایی ئەمەریكا كڕیوە.

ئەو نووسەرە روسە دەڵێت: ئەگەر لەچوارچێوەی جەنگە دەریاییە هاوچەرخەكان سەیر بكەین، ئەوە دەتوانین بڵێین هەردوو كەشتی فرقاتەی توركی، كە لەكەناراوەكانی لیبیان تەنیا پارچەیەكی بێكەڵكن و نوێكراونەتەوە، بۆیە ئەگەر لەگەڵ ژیردەریاییە روسییەكانی وەك فارشاڤیانكا شەڕبكەن چارەنووسیان نقووم بوونەوە و هیچ دەرچوونێكی بۆ نییە.

شرۆڤەكارە روسییەكە روونیكردووەتەوە، كە حاڵی توركەكان لەگەڵ ژێردەریاییەكان باشترە، بەتایبەت لەكاتی بەكارهێنانی ژێردەریاییە ئەڵمانییەكانی وەك  Typ 209 ، بەڵام ناتوانێت ژیردەریاییە روسییەكانی وەك كراسنوودار ئاشكرا بكات، كە لەلای لیوای چواری سەر بە كەشتیگەلی دەریای ڕەشی روسیایە.

لە شەڕ و ململانێكانی لیبیادا توركیا و روسیا پشتیوانی دوو لایەنی دژ بەیەك دەكەن، بەجۆرێك توركیا پشتیوانی فایز سەرراجی سەرۆكی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لەتەڕابلووس دەكات، لەبەرانبەردا روسیا پشتیوانی لیوا مووشیر خەلیفە حەفتەری سەرۆكی سوپای نیشتمانی لیبیا دەكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی