ھەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە خاڵی ھاوبەش‌و ئەگەری رێككەوتن بەهێزە

کوردستان

11/08/2020‌ 1010 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و موچە گەیشتوونەتە خاڵی ھاوبەش‌و ئەگەری رێككەوتنیان بەهێزە، كە رەنگە بەم نزیكانە واژووبكرێت.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەر‌لەمانی عێراق لەو بارەوە بۆ میدیای حیزبەكەی وتی: هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش لەسەر پرسی بودجە و مووچە و نەوت.

ڤیان سەبری وتیشی: بڕیارە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی پارەی دیاریكراوی نەوت، كە 250 هەزار بەرمیلە رادەستی حكومەتی عێراقی بكات و لەبەرانبەریشدا حكومەتی فیدڕاڵی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

ئاماژەی بەوەشدا، رەنگە ئەو رێككەوتنە بۆ چەند مانگێك بێت، چونكە پێویستە لەپڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 لەسەر بنەمای دەستوور رێككەوتن لەنێوان ھەردوولادا بكرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردن.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەستی بەچەند هەوڵێك كردووە، بۆ ئەوەی هەولێرو بەغدا لەسەر كێشەكانیان بگەنە رێككەوتن‌و بەقسەی سەرچاوەكیش هەوڵەكان گفتوگۆكانی بردووەتە پێشەوەو رەنگە بەم نزیكانە رێككەوتن بكەن.

لەو بارەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبەغدا بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، سەرۆك كۆمار لەم چەند رۆژەی رابردوودا بۆ ئەو مەبەستە زنجیرەیەك چاوپێكەوتنی لەگەڵ وەزیرەكانی حكومەتی عێراق كردووەو لەگەڵ مستەفا كازمیش بۆ هەمان مەبەست گفتوگۆی كردووە، تا چارەسەری كێشەكانی هەولێرو بەغدا بكرێت.

سەرچاوەكە، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە وتیشی: هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار بەو ئاراستەیە هەولێرو بەغدا بگەنە رێككەوتنێكی باش‌و كۆنكرێتی، تارایەدەیەكیش گفتوگۆكان باش چووەتە پێشەوە، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ چەند سەركردەیەكی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان كراوە. 

هەرچەندە تائێستا رێككەوتن نەكراوە و نەتوانراوە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەتەواوەتی یەكلابكرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس نزیكبوونەوەیەكی زۆر لەئارادایە بۆ رێككەوتنەكە. 

شارپرێس لەو بارەوە پەیوەندی بە وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار حەسەن جیهاد كردو ناوبراو زانیارییەكانی پشتراستكردەوەو وتی: هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامە تا هەرێم و بەغداد بگەنە رێككەوتنێكی باش‌و لەرێگەیەشەوە كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر ببێت. 

هەروەها وتیشی: كارەكارەكانی سەرۆك كۆمار كارئاسانی زۆری كردووە بۆ شاندی هەرێم تابتوانن بەرێككەوتن بگەن لەگەڵ بەغدا.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە بەم نزیكانە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات‌و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەست بەگفتوگۆ بكەنەوەو رێككەوتنی كۆتایی واژوو بكەن.

هـ ـ ح

بەپەلە