مرۆڤ لەکاتی مردندا هەست بەچی دەکات؟

تەندروستی

14/11/2020‌ 2690 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوکتۆر سام بارنیا بەڕێوەبەری بەشی چاودێری چڕو بوژانەوەی دڵ لەناوەندی پزیشکیی سەر بەزانکۆی نیویۆرک دەڵێت:"مردن پرۆسەیەکی زۆر بەئارام بەخشە".

ئەو زانایە کە هەزاران کەسی لەسەرەمەرگەوە گێڕاوەتەوە دەڵێت:"ئەوکەسانەی خەریکبون بمرن دەڵێن لەوکاتەدا چاویان بەخزمە مردوەکانیان کەوتوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە بەڵگە نییە لەسەر ئەوەی دوای مردن ژیانێکی تر بونی هەیە".

بارنیا لەکاتی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی میللی بۆ پزیشکی ئه‌مریكی محەمەد ئۆز وتی:"مردن پرۆسەیە نەوەک ساتێکی ڕەش یان سپی".

ئەو دەڵێت:"ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە بریتییە لەکەمبونەوەی بڕی ئۆکسجین کە دەچێت بۆ مێشک، لەئەنجامی ئەوەدا مێشک لەکارکردن دەوەستێت‌و کەسەکە ئاگای لەدەوروبەر نامێنێت".

ڕۆژنامەی "دەیلی ئێکس پرێس" لەسەر زاری بارنیاوە گواستویەتییەوە کە وتویەتی:"لەکاتی وەستانی دڵدا، هەموو پرۆسە ژیارییەکان دەوەستن لەبەرئەوەی خوێن بۆ مێشک‌و گورچیلەو جگەر ناچێت، لەوکاتەدا بێ ژیان‌و جوڵە دەبین، پزیشکان ئەو ساتە بەمردن دادەنێن".

بەشێک لەوکەسانەی لەسەرەمەرگدابون دەڵێن:"ڕوناکییەکی درەوشاوەو گەرم‌و بێترسیان بینیوە، جگەلەوەی دەڵێن بەشێک لەو خزمانەیان بینیوە کە پێشتر گیانیان لەدەستداوە، بەشێکی زۆری ئەوکەسانە هەستیانکردوه‌ لەجەستەی خۆیان جیادەبنەوەو پزیشک‌و پەرستارەکانیان بینیوە کە هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن، هەندێکی تریان دەڵێن لەوساتەدا هەموو ئەو شتانەیان بینیوە کە لەژیانیاندا بینیویانە".

بارنیا جەختیکردۆتەوە، "شرۆڤەیەکی زانستی بۆ ئەو حاڵەتە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە مێشک وەک هەوڵێک بۆ مانەوە هەوڵی خۆسڕینەوە دەدات". 

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی