ئامینە کاکە باوە، کچی ڕۆژهەڵات‌و بەرگریکاری ڕۆژئاوا

ڕاپۆرت

09/06/2022‌ 1903 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کچێک لەجنسی پۆڵاو خۆڕاگرێکی پێداگر بەرامبەر داواکانی‌و تا داواکانی نەچەسپاند وازی نەهێنا... کچێک کە بۆ یەکەمجار کوردی کردە یەکلاکەرەوەی دۆخێکی قورس‌و گەورەی نێودەوڵەتی‌و هەموان چاویان لەدەست‌و دەمی کوردێک بوو بۆ ئەوەی دۆخێک تێپەڕێنن.


لەم ڕۆژانەدا بینەرى شانۆی یەکلاییبوونەوەى پرسێکى سیاسی تەواو هەستیاربووین کە پرسی متمانەدان‌و لێسەندنەوەی متمانەبوو لەکابینەی حکومەتى سویدو هەوڵەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ ئەندامبوونى لەهاوپەیمانی ناتۆ، ئەم  دوو پرسە شەقامى سویدو میدیاکانى ئەو وڵاتەو ئەوروپاشى بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو. یەکلاییکردنەوەى پرسی متمانەدان بەحکومەتى سوید بەسترابۆوە بەدەنگی ژنە پەرلەمانتارێک لەپەرلەمانى ئەو وڵاتەدا، کە ئەویش ئامینە کاکە باوەیە.

میدیاکانی سوید لەڕۆژانی ڕابردودا بەتایتڵی گەورە نوسیبویان حکومەتی سوید لەنێوان ئەردۆغان‌و ئامینە کاکە باوە کامیان هەڵدەبژێرێت؟ هەندێک لەمیدیاکانی تریش دەیانوت ئامینە کاکە باوە ئەو پەرلەمانتارەیە کە بەدوگمەکەی بەردەستی چارەنوسی حکومەتی سوید یەکلایی دەکاتەوە.

ئامینە کاکە باوە پەرلەمانتارێکى کوردە لەپەرلەمانی سوید، بەتەنها دەنگی دەیتوانى پرسی متمانەدان یان لێسەندنەوەی متمانە لەحکومەت یەکلایی بکاتەوە، بەڵام دەنگدانى بەو حکومەتە بەستەوە بەچەند مەرجێکەوە کە ئەویش پشتیوانیکردنى حکومەتى سوید لەمافەکانى گەلی کوردو بەتایبەت ئیدارەى ڕۆژئاوای کوردستان‌و رەتکردنەوەى داواکارییەکانى تورکیا بوو.

حکومەتى سوید متمانەی وەرگرتنەوەو مەرجەکانی ئامینە کاکە باوە قبوڵکراو داواکارییەکانى تورکیاش ڕەتکرانەوە کە پەیوەستبوون بەکوردەوە، ئەمەش ئەوەندەى دیکە پایەو پێگەى ئامینە کاکە باوەى لەناو سویدو کورددا بەرزکردەوە، چونکە لەیەککاتدا دوو پرسی یەکلاکردەوە، یەکێکیان متمانەی حکومەت‌و ئەوی دیکەیان مسۆگەرکردنى پشتیوانى حکومەتى ئەو وڵاتەیە بۆ نەتەوەی کورد بەتایبەت لەڕۆژئاوای کوردستان.

دواى پێدانەوەی متمانە بەحکومەتی سوید، ئامینە کاکە باوە ڕایگەیاند، حکومەتی ئێستا بەدەنگی من متمانەی وەرگرتوە، پێش ئەوە بەبەرپرسانی حزبەکەم‌و بەحکومەتم وتووە، سوید بەمەرجەکانی تورکیا ڕازیبێت، دەنگ بەبودجە نادەم‌و هەنگاوی دیکەش دەگرمەبەر.

ئامینە کاکە باوە دژی ئەندامبوونی سودیشە لەهاوپەیمانى ناتۆ، چونکە پێیوایە ناکرێت وڵاتێکی دیموکراسی‌و ئاشتیخوازی وەک سوید ببێتە ئەندام لەهاوپەیمانییەکدا کە وڵاتێکی وەک تورکیای تێدابێت.

ئامینە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو لەتەمەنێکی کەمدا بووەتە پێشمەرگەی کومەڵەو چوارساڵ لەڕیزەکانی پێشمەرگەدا خەباتیکردوە، ساڵى 1992 کوردستانى بەرەو ئەوروپا جێهێشتووەو لەسوید نیشتەجێبووە.

ناوبراو 14 ساڵە لەسەر لیستى پارتى چەپ ئەندامى پەرلەمانى سویدەو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەبواری ڕاوێژیی كۆمەڵایەتی‌و بڕوانامەی ماستەری لەفەلسەفە لەزانكۆی ستۆكهۆڵم بەدەستهێناوە، ئیستاش لەپاڵ ئەرکە پەرلەمانتارییەکەى شەوانە دەخوێنێت‌و دەیەوێت بڕوانامەى بەرزتر بەدەستبهێنێت.

ئامینە کاکە باوە کارەکەى تەنها لەپەرلەمانتاری کورتنەبووەتەوە، بەڵکو ساڵی 2005، لقی سویدی ڕێكخراوی فێمینستی فه‌رەنسی بەناوی "نە لەشفرۆش‌و نە ستەمدیدە"ی دامەزراندوە کە ئەو ڕێكخراوە داكۆكی لەمافی كچانی كۆچبەرو پەنابەرانی سوید دەكات.

ئامینە خۆی دەڵێت، سەر سەرسامە بەکچە شەڕڤانەکانى ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیە لەژووری کارەکەیدا وێنەى کچە شەڕڤانانی هەڵواسیوە، بەردەوامیش گرنگی بەڕۆڵ‌و کاریگەرى شەڕڤانان دەداو لەدیمانەو چالاکییەکانیدا بەنموونەى ژنی بەهێز دەیانهێنێتەوە.

ئەو پرسانەى کە ئامینە زۆر بەسەختى بەرگریان لێدەکات‌و کاریان لەسەردەکات بریتین لە(پرسى بەشوودانى بەزۆری کچان، خەتنەى مێینە، توندوتیژی دژ بەژنان، بازرگانیکردن بەمرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین‌و ڕۆژنامەوانی، پرسى پەنابەران، توندڕەوی، مافی منداڵان، کەسانى بێلانەو هێرش‌و داگیرکارییەکانى تورکیاو ئێران).

ئامینە كە پێشتر پێشمەرگە بووەو چەکی لەشان بووە دژ بەکۆماری ئیسلامى ئێران، دەڵێت، ئەو هیچ کاتێک لەگەڵ هەڵگرتنى چەک نییەو هیواداریشە كچان‌و كوڕانی گەنج ناچارنەبن چەك هەڵبگرن.

بەهۆی چالاکییە بەرگریکارییەکانى لەکوردو ناساندنى تورکیا وەک وڵاتێکى دیکتاتۆرو داگیرکەر، حکومەتى تورکیا ناوبراوی خستووەتە لیستى داواکراوانیەوە، ئێستاش داوای لەحکومەتى سوید کردوە کە ناوبراو ڕادەستى تورکیا بکاتەوە، ئەوەشیکردوەتە مەرجێکی دیکە بۆ ڕازیبوونى بەئەندامبوونى سوید لەناتۆ.

ئامینە کاکە باوە تائێستا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتى‌و ناوخۆیی سویدی وەرگرتووە، لەپای بەرگریکردنى لەمافی ژنان‌و منداڵان، هەروەها لەلایەن ژنانى سویدەوە وەک سمبولی بەرگریکردن لەمافی ژنان لەو وڵاتەدا دەناسرێت.

تورکیا چەند مەرجێکى دانابوو بۆ ئەندامبوونى سوید لەهاوپەیمانى ناتۆ، کەئەو مەرجانەش بریتین لەوەی "سوید پشتیوانی لەپەکەکە نەکات‌و ڕێگە بەهیچ چالاکییەکى لایەنگرانی پەکەکەو پەیەدە نەدەن، 35 داواکراو ڕادەست بەتورکیا بکەنەوە، هەروەها هیچ پشتیوانییەک لەئیدارەى ڕۆژئاوای کوردستان نەکەن".

بەڵام لەسەر داوای ئامینە کاکە باوە سوید مەرج‌و داواکارییەکانى تورکیای ڕەتکردەوە، بەڵام ئەندامبوونى سوید لەو هاوپەیمانییەتیە لەمسۆگەر نزیکەو داواکانی ئامینە کاکە باوە لەسیاسەتی دەوڵەتی سویددا چەسپێنراوە سەبارەت بەمافەکانی کوردو ڕەتکردنەوەی داواکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان بەتایبەت لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە.