هۆشداریى به‌ئه‌حمه‌د شه‌رع ده‌درێت

جیهان

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3597 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) ڕایگەیاند، پێویستە سوریا ئەنجامی تەواوی لێکۆڵینەوەکان لەسەر کوشتنی هاوڵاتیانی عەلەوی لەمانگی ئاداری ڕابردوو بڵاوبکاتەوەو دڵنیابێت کە بەرپرسیارانی ئەم تاوانە دەبرێنە بەردەم دادپەروەری.


دوای گرژیی‌و ئاڵۆزییەکانی مانگی ئاداری ئه‌مساڵ کە کۆمەڵە چەکدارێکی پاشماوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە زۆرینەیان عەلەوی بون، هێرشیانکردەسەر هێزە ئەمنییەکانی سوریاو بۆح ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوامبوو، ڕوانگه‌ى سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ده‌ڵێت:"کوشتاری ئەم پێکهاتە ئایینییە زیاتر لەهەزارو 700 کەس بون".

دەستەڵاتی نوێی سوریا، کە لەدوای کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە هاتەسەر دەسەڵات، بڕیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی دەرکردو بەڵێنیدا لەماوەی مانگێکدا ئەنجامەکان ڕابگەیەنن، بەڵام دواترو لەڕۆژی 10ى 4ى 2025 ئەنجامەکانیان بۆ سێ مانگی دیکە دواخست.

کریستین بێکەرلی جێگری بەڕێوەبەری هەرێمیی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باکوری ئەفریقا، وتی:"سەرۆک شەرع دەبێت پابەندبێت بەبڵاوکردنەوەی تەواوی دۆزینەوەکانی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستی لەسەر کوشتنە بەکۆمەڵەکانی هاوڵاتیانی عەلەوی لەناوچە کەناردەریاییەکان‌و دڵنیابێت لەوەی کە بەرپرسیاران دەبرێنە بەردەم دادپەروەری".

بێکەرلی ڕاشیگەیاند، "ڕزگاربوان‌و خێزانەکانی قوربانیان مافی ئەوەیان هەیە بزانن چی ڕویدا، کێ بەرپرس بوو و دەسەڵات چ هەنگاوێکی بەرجەستەی بۆ گەیاندنی دادپەروەری ناوە".