شارپرێس:
کەمێک بەر لەئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نوسراوی خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی ههرێمى، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
بهگوێرهى وتهى سەرچاوەیەک لەحکومەتی عێراق، ئهمڕۆ نوسراوی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە تایبەتە بەخەرجکردنی موچەی مانگی 6ی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوه.
بەوتەی سەرچاوەكهى حكومهتى عێراق، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕەزامەندی وەزیری دارایی عێراقو جێبەجێکردنی بڕیارەکەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆو ڕادەستکردنی نەوت.
سهرچاوهكه جهختیكردوهتهوه، تاوەکو هەفتەی داهاتوو، موچەی مانگی شهشى موچهخۆرانى ههرێم، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرجدهکرێت.
ڕۆژى سێشەممەى ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوەوەو دواتر لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئەنجومەنەکە بڕیاریداوە بەشێوەیەکی بنەڕەتی ڕەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بەبڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران، دوای ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1. ئەو لیژنانەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتیو هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێکهێنراون، کارەکانیان تەواوبکەن، بەمەرجێک هەریەکەیان کۆنوسێکی واژۆکراو لەماوەی هەفتەیەکدا، پێشکهشی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکەن.
2. ئەو تیمەی بهگوێرهى بڕگەی دوەم پێکهێنراوە، لەماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواوبکات، بەژماردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لەداهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بەگوێرەی یاسا، هەروەها حکومەتی هەرێم ئەو پشکە بدات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لەبڕگەی (دوەم/1)ـی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بەمەرجێک میکانیزمی ژماردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵیو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە پەسندکرابێت.
3. حکومەتی هەرێم، کۆمپانیاکانی نەوت کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن، پابەندبکات بەڕادەستکردنی ئەو نەوتەی بەرهەمدێت، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیو بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025ی ئەنجومەنی وەزیران.
